دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سه‌رۆكی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

هەرێم نیوز

 سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و  گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان،پێشوازی له‌ ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ريكا لە هەرێمی کوردستان و سکۆت بۆڵز نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەی بوون، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرا.

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ، جەختی لە گرنگیی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی وڵاتەکەی کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و وەستانی، زیانێکی زۆری بە بودجەی گشتیی عێراق گەیاندووە.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری بنێرێت.

دۆخی گشتی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP