هەرێم نیوز
نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەرکەوت تاکۆتایی مانگی (١٢) بڕی تەمویلکراو بۆ موچەی هەرێم لەساڵی (٢٠٢٤) کەمترە لە کۆی تەرخانکراو بۆ موچەی هەرێم لە بودجەی (٢٠٢٤).
ئەو پەرلەمانتارە لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆموڵایەتی نوسیویەتی: رۆژی دوو شەممە لەمیانی كۆبونەوەی لیژنەی دارایی بە میوانداری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی( بودجە، ژمێرکاری، قەرزی گشتی) لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
کۆبوونەوەکە تایبەتبوو بە گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ بڕ و رێژەی جێبەجێکردنی بودجەی ساڵی پار و تمویلکردنی پرۆژە نوێ و بەردەوامەکانی وەبەرهێنان، هەمواری یاسای بودجە ، قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق، کورتهێنانی بودجە، پشکی هەرێم لە بودجە و موچە، و چەند بابەتێکیتری دارایی.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەرکەوت تاکۆتایی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٤)لەکۆی زیاتر لە (٨٩) تریلیۆن و (٧٤٣) ملیار و (٢٠٣) ملیۆن دینار بۆ موچە لە عێراق نزیکەی (١٠)تریلیۆن و(٧٣٨)ملیار و(٦٢٩)ملیۆن دینار بۆ تەمویلی موچەخۆرانی هەرێم (فەرمانبەران + خانەنشینان+ چاودێری کۆمەلایەتی) خەرجکراوە کە دەکاتە رێژەی ( ١١.٩٦٪) کۆی خەرجکراو بۆ موچەی عێراق و ( ٦.٨٦٪) کۆی خەرجکراوی کرداری بودجە کە نزیکەی ١٥٦ تریلیۆن و ٥١٠ ملیار دینار بووە..
بەم پێیەش بڕی تەمویلکراو بۆ موچەی هەرێم لەساڵی (٢٠٢٤) کەمترە لە کۆی تەرخانکراو بۆ موچەی هەرێم لە بودجەی (٢٠٢٤)کە بە (١١)تریلیۆن و (٥٧٦)ملیار و(٥٢١)ملیۆن (٣٣٥)هەزار دینار خەمڵێنرابوو لە کۆی زیاتر لە (٩٥)تریلیۆن دینار تەرخانکراوی بودجە بۆ موچەی هەموو موچەخۆرانی عێراق لە ساڵی(٢٠٢٤) .