دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

هەرێم نیوز
ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغداد دەكات، بڕیارە بەشداری لە كۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەت بكات كە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ رێكدەخرێت.

ئەجێندای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی لە بەغداد، گفتوگۆكردنە لەبارەی دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەناردەكردنەوەی نەوت و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو،  بەوپێیەی ئەگەر لەگەڵ بەغداد نەگەنە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ كێشەكانی هەرێم و بەغداد، رەنگە بەرپرسانی هەرێمی بڕیاری كشانەوە بدەن لە پرۆسەی سیاسی عێراق.

سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغداد دوای ئەوەدێت، دوێنێ‌ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەشێك لە نوێنەرانی كورد كۆبووەوە، سیاسەتەكانی بەغدادی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان بە ستەمكارانەو نادادپەروەرانە ناوبرد، وتیشی: ئەگەر كورد یەك هەڵوێست بێت بەغداد ناتوانێت بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكات.

پێشتریش پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، یەكێك لە بژاردەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتەكانی بەغداد، كشانەوەی كوردە لە پرۆسەی سیاسی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP