هەرێم نیوز
ئەمرۆ شەممە بریارە کۆبونەوەی نائاسایی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزیران و نوێنەرانی کورد لەبەغدا بەڕێوەبچێت، بۆ هەڵویست وەرگرتن دژی نەدانی ئیستحقاقی کورد لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام پێشوەخت کۆمەڵ و یەکگرتوو رایانگەیاند، کەئەوان بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن، ئەمەش رووبەڕووی رەخنەی توندی هاوڵاتیانی کردنەوە.
دوای ئەوەی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، شەممە کاتژمێر 10 لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدرێت و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردسانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن.
ئاشکراشیکرد، بابەتی کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرسی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەحکومەتی فیدراڵی، کۆمەڵ و یەکگرتوو هەڵوێستی خۆیان راگەیاند، بەوەی کەبەشداری کۆبونەوەکە ناکەن، ئەمەش وای لەهاوڵاتیان کردووە رەخنەی توند لەو دوو لایەنە سیاسییە بگرن، بەوەی کەئەوان ئەگەر ڕاستگۆن و بەوەی بەردەوام رەخنە لەحکومەتی هەرێم دەگرن، بۆچی بەشداری ناکەن و رەخنە و سەرەنجەکانیان رووبەڕووی بەرپرسانی هەرێم بکەنەوە، بەڵام دیارە بوێری ئەوەیان نییە لەبەرامبەر بەرپرسانی هەرێمدا ئەو قسانە بکەن کە بەردەوام لەتەلەفزیۆنەوە دەیکەن، چونکە پێشتریش بەرپرسانی هەرێم رەدی ئەو قسانەیان داوەتەوە.
هەندێ لەهاوڵاتیان لەوەش زیاتر دەڕۆن لەرەخنەگرتن لەکۆمەڵ و یەکگرتوو، پێیان وایە ئەوان ئەو دوولایەنە لەبری ئەوەی نوێنەری کوردبن و شەڕی مافە دەستوری و شایستە داراییەکانیان بکەن، زیاتر پشتیوانی حکومەتی عێراق دەکەن و پاساو بۆ هەموو ستەمەکانی حکومەتی عێراق دەهێننەوە لەبەرامبەردا گەلی کورددا.
لەدواین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم نیگەرانی توندی دەربڕیوە لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا و مامەڵەی لەگەڵ پرسی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمدا، وتویەتی ئەم جۆرە مامەڵەیەی حکومەتی عێراق قابیلی قبوڵ نییە و ناکرێت ساڵی داهاتووش وەک ئەمساڵ بودجە و شایستەداراییەکانی هەرێم نەنێرن، یان بەنیوەناچڵی بینێرن، بۆیە پێویستە لەم بارەیەوە پەیامی توند بەعێراق بدرێت و هەتا ئاستی کشانەوەی کورد لە حکومەتی عێراقدا..