دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/01/2025

هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیامێک بۆ دیمەشق دەنێرێت

هەرێم نیوز 

هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەدە” رایگەیاند، هێزەکانیان هاوکاری پێشکەش بە ئیدارەی دیمەشق دەکەن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو و دەشڵێت: لەم كەشە ئەرێنییەی نێوانیان گرووپەکانی نزیک لەتوركیا هەوڵی تێكدانی دەدەن.

هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەدە” بڵاویكردەوە، ئاژانسی هەواڵی (سانا) دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی لە شاری حەلەب ڕاگەیاندووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانمانەوە هاتوون لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ڕاشیگەیاندووە، ئێمە پشتڕاستی دەکەینەوە کە ئەم تۆمەتانە درۆ و بەپەلەن و لەسەر بنەمای بەڵگەی واقیعی یان لێکۆڵینەوەی شەفاف نین.

هەسەدە دەشڵێت: زانراوە ئەو ناوچانەی، کە ناوچەکانی جیاکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانمان و ناوچەی حەلەب پڕن لە گرووپەکانی نزیک لە تورکیا و بەرژەوەندییەکی تەواویان هەیە لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەو کەشوهەوا ئەرێنییەی، بۆ گفتوگۆی نێوانیان هەیە لەنێوان هێزەکانمان و بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دیمەشق. 

جەختیشی كردۆتەوە، بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، هێزەکانمان پێشنیاری هاوکاری لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن لە ئیدارەی دیمەشق بۆ بەدواداچوون و ئاشکراکردنی لایەنە ڕاستەقینەکانی پشت تەقینەوەکان و ناردنی تەقەمەنی بۆ ناوچەکانی حەلەب و شوێنەکانی دیکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP