دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: دەبێت مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕاست بکرێتەوە

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیر و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو ڕەفتارەی ئێستای بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیكات، قبووڵكراو نییە, ڕاشیگەیاند داوای مافە دەستوورییەكانمان لە بەغدا دەكەین.

مەسرور بارزانی لە دەسپێكی كۆبوونەوە نائاساییەكە وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، خەڵكی كوردستان شایستەی ئەمجۆرە مامەڵەیە نین و پێویستە لەو دۆخە دەروونیە ناخۆشەی ئێستا ڕزگار بكرێن.

ڕاشیگەیاند، بەغدا وەك پارێزگایەك بگرە بچووكتریش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات، ئەو ڕەفتارەی ئێستا بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیكات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد: دەمانەوێت ساڵی 2025 کێشەکان چارەسەر بکرێن، خەڵکی هەرێمی کوردستان شایستەی ئەو زوڵمە نییە. لە هەموو ئاستەکان دەبێت هەوڵی چارەسەر بدرێت و پەیوەندییەکی تەندروست دروست بکەین. 

ماوەی 11 ساڵە بەغدا بە بیانووی جیاواز گرفت بۆ ناردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هەموو لایەنەکان کرابوو بەشداربن، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری بەشدارییان نەکردبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە، لە هۆڵی کۆبوونەوەی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرانی كورد لە حكومەتی فیدڕاڵی و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP