دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا: خواست لەسەر کارەبا بۆ زیاتر لە 7500 مێگاوات بەرز بووەتەوە

هەرێم نیوز

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت،  به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ته‌نیا سێ هه‌زار و 500 مێگاواته‌  و خواستیش بۆ زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار و 500 مێگاوات به‌رزبۆته‌وه‌.

وەزارەتی کارەبا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا 7500 مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا 3500 مێگاواتە و لە کابینەی نۆیەم 1500 مێگاوات زیاد کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە و خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی دیكە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتر بووە. هاوکات نەخۆشخانەکان و پرۆژەکانی ئاو و دامودەزگا ئەمنیەکان و بەندیخانە و خاڵە سنوورییەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە، بۆیە تێکڕای کاتی پێدانی کارەبا لە ساڵی (2024) 12:44 کاتژمێر بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز؛ ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنیان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست کردووە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتوە، وەزارەتی كارەبا بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا وێڕای زیادكردنی ئەو 1500مێگاواتە، تەنیا لە سێکتەری گواستنەوە زیاتر لە دەیان وێستگەی گواستنەوە و گۆڕین و مۆبایلی کارەبای لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە و بە درێژایی 350 كیلۆمەتر هێڵی کارەبای 132 كەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز و 33 كەی ڤی راكێشاوە و سەدان پرۆژەی دیكەی لە تۆڕی دابەشكردنی ناوخۆ بونیات ناوە و کارەبای گەیاندووەتە سەرجەم ناوچە و گوندە دوورە دەستەکانی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاند: هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكی 24 كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP