هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی سوریا لە یەکەم سەردانی دەرەکیدا، بە سەرۆكایەتیی شاندێك گەیشتە سعودییە و ڕایگەیاند، هەوڵی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ دەدەن لە پەیوەندییە مێژوییەكانی نێوان هەردو وڵات.
ئەسعەد شەیبانی، بە سەرۆكایەتیی شاندێك كە پێكهاتبون لە مەرهف ئەبو قسرە، وەزیری بەرگریی و ئەنەس خەتاب، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، لە یەكەم سەردانی دەرەكیدا، گەیشتە سعودییە و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە لە فڕۆكەخانەی پاشا خالیدی نێودەوڵەتی پێشوازییان لێكرا.
ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ سعودییە، یەكەم سەردانی دەرەكیی ناوبراوە لە دوای روخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد و لەسەر بانگهێشتی فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە بوە.
لەبارەی سەردانەکەوە، وەزیری دەرەوەی سوریا لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە: بەسەردانێك گەیشتوەتە سعودییە و لەڕێگەی یەكەم سەردانەوە لە مێژوی سوریای ئازاد، هەوڵی كردنەوەی پەڕەیەكی نوێ و پرشگندار دەدەن لە پەیوەندییەكانی سوریا و سعودییە.