دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16/12/2024

دوای 21 ساڵ بێسەرو شوێنی هاوڵاتیەکی هەرێم لە ئەفریقا دەدۆزرێتەوە

هەرێم نیوز
دوای ٢١ ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی، سەیفوڵا حسێنی ٤٧ ساڵ، لە ئەفریقاوە هەواڵی دایە کەسوکارەکەی لە رانییە، کە زیندووە و لە ژیاندا ماوە و دەگەڕێتەوە ناویان.

سەیفوڵا حسێن، هاوڵاتییەکی شارۆچکەی سەروچاوەیە لە ئیدارەی راپەڕین. سەیفوڵا لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ـە، لە ساڵی ١٩٩٦دا بڕیار دەدات بەرەو ئەوروپا بچێت و ئەو رێگایە دەگرێتە بەر، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە وڵاتی کینیا بێسەروشوێن دەبێت و سۆراغی نامێنێت.

کەسوکارەکەی باس لەوە دەکەن، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کینیا بێسەروشوێن بوو و دەنگ و هەواڵی نەما.

هونەر برای سەیفوڵایە و دەڵێت، دوێنێ پیان وتراوە کە براکەی لە ژیاندا ماوە و لە ئەفریقا زیندانی کراوە.

باسی لەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی سلێمانی، دوێنێ یەکشەممە، پێی راگەیاندوون، براکەیان زیندووە و لە ژیاندا ماوە، بەدرێژایی ئەو ٢١ ساڵە لە زینداندا بووە.

ئەمڕۆ دوای ٢١ ساڵ، تەکنەلۆجیا بووە ئەو ئامڕازەی سەیفوڵا و کەسوکارەکەی بۆ یەکەمجار رووخساری یەکتر ببیننەوە و لەرێگای ڤیدیۆوە قسەیان کرد. هەر لەمڕۆشەوە سەرجەم رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی لە ئەفریقاوە دەگیرێنە بەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP