دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/12/2024

بلینکن: پێویستە هەسەدە بەردەوام بێت لە ئەرکەكانی

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت سود لە بارودۆخی ئێستای سوریا ببینێت، "پێویستە هەسەدە بەردەوام بێت لە ئەرکەكانی"، دەشڵێت، "واشنتن لەگەڵ تەحریر شام و گروپەکانی دیكەی سوریا پەیوەندی هەیە".

ئەنتۆنی بلینکن، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەندەری عەقەبەی ئوردن ڕایگەیاند، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتون لەسەر پێویستی پێکهێنانی حكومەتێكی گشتگیر و ناتائیفی لە سوریا، هەروەها پێویستە پڕۆسەی پێکهێنانی ئەز حکومەتە لە ژێر ڕێنمایی هاوڵاتیانی سوریا و لە ڕێگەی خەڵكەكەیەوە بەرەوپێش بچێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای هەڵاتنی بەشار ئەسەد و ڕوخانی زیاتر لە پێنج دەیە دیکتاتۆرییەت لە سوریا، خەڵکی ئەو وڵاتە ئێستا پێویستیان بە یارمەتییەکی بەرفراوان هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.

ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوەشكرد، ڕوداوەکانی ناوخۆی سوریا دەتوانێت لێکەوتەی بەهێزی هەبێت لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، وەک ئاوارەبونی بەکۆمەڵی خەڵک و تیرۆر، بۆیە نابێ ئالەنگارییەكانی ئێستا بە کەم سەیر بکرێن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕو، واشنتن لەگەڵ تەحریر شام و گروپەکانی دیكەی سوریا پەیوەندی هەیە، هەروەها ستایشی هەڵکردنی ئاڵای سوریای لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کرد.

ئەنتۆنی بلینکن ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە بەرەنگاربونەوەی نوێبونەوەی هێزەکانی داعش و هەروەها هێشتنەوەی ئەندامانی دیلکراوی داعشی بە "گرنگ" ناوبرد و جەختی لەوەکردەوە، "بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت سود لە بارودۆخی ئێستای سوریا ببینێت، پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بن ئەرکەكانیان".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP