هەرێم نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، "هەڵکردنی ئاڵای سەربەخۆیی سووریا بۆ ئێمە شتێکی نوێ نییە، پێشتر لە کۆنگرەی یەپەگەدا ئەو ئاڵایەمان هەڵکردبوو. ئێستا بەشێکی زۆری هێزەکانی نێو هەسەدە ئەو ئاڵایە هەڵدەکەن". لەبارەی گەڕانەوەی داعشیشەوە هۆشداری توند دەدات و دەڵێت: ئەگەر چارەسەر بۆ ئەم دۆخە نەدۆزرێتەوە، دۆخەكە بەرەو خراپتربوونی زیاتر دەچێت و پێویست بەوە دەكات بەشێوەیەكی بنەبڕ چارەسەر بۆ ئەم گرووپە تیرۆرستییە بدۆزرێتەوە.
مەزڵووم عەبدی وتی: "لە شەڕی نێوخۆی سووریادا، وڵاتەکە بووە دوو بەش، بەشێکی ئاڵای بەعس (سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد)ی هەڵدەکرد کە بەشێکی زۆر بوون، بەشێکی دیکەش ئاڵای سەربەخۆیی سووریایان هەڵدەکرد".
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە نەمانویست ببینە بەشێک لەو ململانێ و شەڕە نێوخۆییەی لەنێو گرووپەکاندا هەبوو، ئێمە ئاڵای تایبەتی خۆمان هەڵکرد، بەڵام ئێستا رەوشەکە گۆڕاوە و گەلی سووریا بە گشتی لەسەر ئاڵایەک کۆکن کە ئاڵای سەربەخۆییە".
مەزڵوم عەبدی وتی:"ئاڵای سەربەخۆیی سووریا بۆ ئێمەش گونجاوە، چونکە ئاڵای سەربەخۆیی، ئاڵای کۆماری عەرەبیی سووریا نییە، ئەوە ئاڵای کۆماری سووریایە و هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە. هەڵکردنی ئاڵای سەربەخۆیی بڕیارێکی دروستە، چونکە ئێمە هێزێکی سووریایین و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمان داوە".
لەبارەی مەترسییەکانی داعشیشەوە وتی، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد زۆر بە بەهێزی گەڕاونەتەوە دەشتاییەكانی سووریا، ئاماژەیشی كرد چالاكییەكانیان لە قۆناغی ئێستەدا زۆر زیاترە لە قۆناغی پێشووتر.
ئاماژەی بەوەکرد، زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئێستە داعش زۆر بەهێزترە لە جاران، بەتایبەت لە دەشتاییەكانی سووریا، روونی كردەوە، پێشتر بە نهێنی چالاكییەكانیان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستە بە ئاشكرا دەبینرێن و چالاكی ئەنجام دەدەن.