هەرێم نیوز
دەستەی دانوستانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایگەیاند، سوپاسی بارزانی دەکەن و پشتیوانییەکەی بۆ مافەکانی گەلی سووریا کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە کە ناتوانرێت چاوپۆشییان لێ بکرێت.
دەستەی دانوستانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، سوپاسی براکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی سەرکردەی کورد دەکەین؛ ئەو، وەک ئەوەی خۆی خاوەنی پرسەکە بێت، بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ پرسی سووریا کرد و پشتیوانییەکەی بۆ مافەکانی گەلی سووریا کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە کە ناتوانرێت چاوپۆشییان لێ بکرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، "برا و بنەماڵە سوورییەکانمان کە ئێستا لە ناوچەی کوردستانی عێراقن بەتایبەتی، پەنابەر و هەڵاتووانی دەستی ڕژێم، بوونەتە میوانی برایانمان لەهەرێمی کوردستان، هەروەها لە سایەی خەباتی گەلی سووریا و پاڵەوانەکانی شۆڕش، بەم زووانە دەگەڕێنەوە ماڵ و شارەکانیان لە سووریا، بۆ ئەوەی بەشداریی بکەن لە دامەزراندنی سەقامگیرییەکەی و پشتگیریی لە هێز و ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانییەکەی بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی دانووستانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، "لەم کاتە سەختەدا ڕوو لە عێراق دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە شۆڕشی سووریا و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دەستی پێ کردووە، هیچ زیان و کێشەیەک بۆ عێراق نابێت، ئێمە هاوبەشین لە کاتی خۆش و ناخۆشدا و چاوەڕوانی داهاتوویەکی باشتر و زیاتری ئاسایش و سەقامگیری دەکەین."
جەختیش کراوەتەوە "هاوبەشی و بەرژەوەندییەکانمان مێژوویین و هیواکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە زۆرن و ناتوانرێت هەژمار بکرێت بۆ دەستەبەرکردن و سەقامگیرکردنی ئاسایش و بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها چاوەڕوانین عێراق لاپەڕەیەکی نوێ پڕ لە هاوکاری و برایەتی و ئاشتی هەڵداتەوە."
ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا.
هەروەها، دوای دیارنەمانی بەشار ئەسەد بۆ ماوەی رۆژێک، دەرکەوت، بە فڕۆکەی رووسی گواستراوەتەوە بۆ روسیا و لە ئێستادا بەشار ئەسەد لەگەڵ مۆسکۆی پایتەختی روسیا مافی پەنابەرێتی پێدراوە.