هەرێم نیوز
سەرۆكوەزیرانی سووریا دەڵێت "ئەسەد سیناریۆی ئەوەی هەبووە لە دوای خۆی وڵات لە ئاژاوەدا بەجێ بهێڵێت".
وتیشى "دواین شەو کە لەگەڵ بەشار ئەسەد قسەی كردووە و پێی وتووە، سبەی یەك دەبینین".
محەمەد غازی جەلالی، سەرۆكوەزیرانی سووریا ڕایگەیاند: بەشار ئەسەد لە بڕیارەكانی سیاسەتی دەرەوەدا تاكڕەو بوو و گفتوگۆی لەگەڵ نەدەكردین و دۆخەكە لەدەست دەرچووبوو.
محەمەد جەلالی كە ئێستا ئۆپۆزسیۆنیش وەك سەرۆكوەزیران مامەڵەی لەگەڵ دەكات ئاشكرای كردووە، ئەسەد سیناریۆی ئەوەی هەبووە لە دوای خۆی وڵات لە ئاژاوەدا بەجێ بهێڵێت. ڕاشیگەیاند: ئێستا دۆخی ئاسایشی شەقامەكانی پایتەخت سەقامگیرە و زۆرینەی وەزیرەكانی حكومەت لە دیمەشقن و لە نووسینگەكانی خۆیان لە كاركردن بەردەوامن.
سەرۆكوەزیرانی سووریا ئاماژەی بەوە داوە، هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی كۆببێتەوە. جەخحتیشی كردووەتەوە، قۆناغی حكومەتی ڕاگوزەر بە پلەبەندی و خێرایی تێدەپەڕێت، هیچ وڵامێكیشی پێ نییە كە چارەنووسی سوپای سووریا چیی لێ دێت، ئەم بابەتە دەدرێتە دەست فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان.