دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی شانشینی بەحرەین دەکات

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت .

ئامانجی سەردانەکە، پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەحرەین و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەیدا کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەحرەین کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سووریا دەکات.

ئه م سەردانە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ پەرەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: "بۆ تاوتوێکردنی هاریکاری و ئاسایشی ناوچەکە، سەردانی شانشینی بەحرەین دەکەم."

سەرۆكی حكوومەت دەشڵێت: "پێویستمان بە گفتوگۆ و پەرەپێدانی دۆستایەتییە لەم کاتە پڕ لە تەنگژە و نادڵنیاییەدا."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP