هەرێم نیوز
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سوریا رایگەیاند، کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری سووریا، سەردەمێکی نوێی هێناوەتە کایەوە، دەشڵێت، هیوادارین لە سووریای داهاتوودا مافی هەمو گەل و پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سووریا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، "گۆڕانکاریی خێرا و کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری سووریا، سەردەمێکی نوێی هێناوەتە کایەوە" .
حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، "ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و هیوادارین سووریای داهاتوو ، ئازاد و ئارام و دیموکراتیک و سەقامگیر بێت و مافی هەمو گەل و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا.
هەروەها، ئێوارەی ئەمڕۆ گروپەکە چەکدارەکان رایانگەیاند، ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەدیان دەستگیرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنوسی خۆیان دی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا نادیارە.