هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد ڕایدەگەیەنێت، لە ساتێکی مێژوویداین و داوش دەکات لە سووریای نوێدا مافی هەموو سوورییەکان زامن بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سووریاى دیموکرات – هەسەدە لە پەیامێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "لە سووریادا ساتەوەختێکى مێژوویى دەژین، دەبینین کە رژێمى سەرکوتکاری لە دیمەشق دەڕوخێت".
روونیشیکردووەتەوە، ئەم گۆڕانکارییە دەرفەتێکە بۆ بنیادنانى سووریایەکى نوێ لەسەر بنەماى دیموکراتى و یەکسانى، لە چوارچێوەى مافەکانى سەرجەم سوورییەکان.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـى 12ـى 2024، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا کۆنترۆڵکردنى دیمەشقى پایتەختى ئەو وڵات و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى 53 ساڵەى بنەماڵەى ئەسەدیان راگەیاند.