هەرێم نیوز
ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەولێر دەرمانخانەیەک بەهۆی بازرگانی بە دەرمانی هۆشبەرەوە داخرا و دوو تۆمەتباریش دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لە لایەن تیمەکانمانەوە بەهەماهەنگی لەگەل لێژنەی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی ، بەفەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەرمانخانەیەکمان داخست و دوو تۆمەتبارمان دەستگیر کرد بەناوەکانی (أ ، م ، ب ) کە یاریدەری پزیشکی دەرمانخانەیە و تۆمەتبار (أ ، ع ، أ).
ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارانی ناوهاتوو هەڵساون بە بازرگانی کردن بەدەرمانی هۆشبەرو کارتێکەرە هۆشیەکان و بەبێ پسولەی پزیشک و دوور لە ڕێنمایە پزیشکیەکان و فرۆشتن و پێدانی بە کەسانی ئالودەی ماددەی هۆشبەر.
ڕوونیشیکردەوە، لە کاتی پشکنین بۆ دەرمانخانەکە دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر دەرمانی قاچاخ و ڕێگە پێنەدراوی تەندروستی لە دەرمانخانەکەی هەیەو دەستی بەسەردا گیراو پاشان رێوشوێنی یاسایی دژی دەگیرێتەبەر.