هەرێم نیوز
سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ رایگەیاند، لە دوا کۆبونەوەماندا، بڕیارمان داو بانگەوازی سازدانی 27 یەمین فێستیڤاڵمان بڵاوکردووە، بەڵام دوای داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، دۆخەکە سەراپا گۆڕا، جەخت دەکەمەوە کەئێمە سورین لەسەر سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵ لەکۆتایی ساڵی ئایندە. وتیشی،
مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، لەبارەی بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی گەلاوێژ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ڕوناکبیران و ڕێبوارانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ. بەداخەوە ھێشتا ماتەمینی ھاوڕێ و کۆڵەکەی سەرەکی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەری نەداوین، ھێشتا کفنەکەی سامی ھادی زەرد نەبووە، دوورلە ئیرادەو پەرۆشیمان بۆ ئەدەب و داھێنانی کوردستان و عێراق و جیھان، لەسەر داخوازی دەیان تەلەفۆنی نوسەرانی عەرەب و ڕۆژھەڵاتی کوردستان و کوردستانی عێراق، کەپەیتا پەیتا پەیوەندیم پێوە دەکەن، ھەموویان ئامادە نین جگە فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی گەلاوێژ ببنە بەشێک لە سیناریۆیەکی تر بەناوی گەلاوێژەوە، ئەم ڕونکردنەوەیە دەنوسم".
مەلا بەختیار وتیشی،" دورو نزیک بەندە وەکو سەرپەرشتیار گشتی فێستیڤاڵ، ھەتا بڕیاردان بۆ سازدانی 27 مین فێستیڤاڵ، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەی ئێستا دەیانەوێت دوور لە گەوھەرە مێژوییەکەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، فێستیڤاڵ ساز بدەن. ئەمانیش، وەکو یەک تیم، بەبێ بچوکترین تێبینی لە دوا کۆبونەوە لەگەڵماندا، بڕیارمان داو بانگەوازی سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵمان بڵاو کردووە، بەڵام دوای داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، دۆخەکە سەراپا گۆڕا، جەخت دەکەمەوە کەئێمە سورین لەسەر سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵ لەکۆتایی ساڵی ئایندە. لەھەمان کاتدا دوورو نزیک ئەوانەی دەیانەوێت بەناوی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە فیستیڤاڵ سازبدەن، ئەستۆیان دەخەنە بەردەم ئۆباڵێکی مێژوویی، کەدورە لە نەریتی سازدانی فێستیڤاڵ و دورخستنەوەی فێستیڤاڵ لەھەژمونی حیزبایەتی".
ئاماژەی بەوەش کرد،" ئەو نوسەرو بەھرەمەندوو دڵسۆزانەی دەیانەوێت لەگەڵ فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی گەلاوێژ بمێنەوە، ئێمە بەدڵێکی فراوانەوە لە کۆتای ساڵی ئایندە چاوەڕوانیانین. دڵنیاشین ھەوڵیتر دورە لە ڕۆحی ڕاستەقینەی فێستیڤاڵ. دورە لەمتمانەو ڕێزو سەربەخۆی قەڵەم و ئەقڵ و داھێانان" .