هەرێم نیوز
خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لابرا و لەمەودوا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاتژمێری کاردەکەن.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر رایگەیاند، "بڕیاردراوە لەمەودوا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاتژمێر موەلیدەکان کاربکەن، بڕیارەکە بۆ سەنتەری شارە و دەورووبەر ناگرێتەوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەر هاووڵاتییەک ناڕەزایی هەیە و دەڵێت پارەی زۆر بۆ دێتەوە، پەیوەندیمان پێوەبکات لیژنە دەچێتە گەڕەکەکەیان، ئەگەر زۆرینەی گەڕەکەکە دژی کارکردنی 24 کاتژمێریی موەلیدە بوو، ئەوکاتە بۆ ئەو گەڕەکە وەکو رابردوو دەیکەینە خشتە."
باسی لەوەش کردووە، لە دهۆک چەند ساڵێکە لە هەموو وەرزەکاندا جێگیر کراوە و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانی دا موەلیدەکان 24 کاتژمێر کار دەکەن.
لە هەڵەبجە و سلێمانی جیایە و کارەبای موەلیدەکان بە گوێرەی خشتە کار دەکەن. بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیشدا موەلیدەکان کاتژمێر 08:00ـی بەیانی بۆ 01:00ـی نیوەڕۆ، هەروەها 01:00ـی شەو بۆ 06:30ـی بەیانی کار ناکەن.