دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

فراکسیۆنی زەردی یەکێتی مامۆستایان: بایکۆتکردن بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نییە

هەرێم نیوز

لیستی زەرد لە یەکێتی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت،  دژی بایکۆتکردنی دەوامن و داواش لە حکومەتی هەرێم دەکات مانگانە لیستی مووچە بە بێ کێشە بۆ بەغداد بنێرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، لیستی زەردی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر نیگەرانی دەربارەی دواکەوتنی مووچە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پشتگیری داواکاری فەرمانبەر و مامۆستایان دەکەین.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، رایگەیاند "دەبوایە ساڵێک بەر لە ئێستا لە هەڵبژاردنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانمان لە 12 لق بکردبایە، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆ، هەڵبژاردن نەکرا."

ئەحمەد گەرمیانی ڕاشیگەیاند، "ئێمە مافی خۆمانە هەموو مانگێک مووچەی خۆمان وەرگرین، بەڵام بایکۆتکردن بەهیچ شێوەیەک نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە نە لەبەرژەوەندیی مامۆستا و فەرمانبەرانە، چونکە ئەمە دەبیتە زیانگەیاندن بەە منداڵەکانمان و ئیش و کارەکانی ڕۆژانەمان، هەروا زیانی ئابووریی لە هەموومان دەدات."

لیستی زەردی یەکێتی مامۆستایان ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت بەوەی هەر جارەی بە بیانوویەک کێشە بۆ مووچە دروست دەکات و داواشی لە حکومەتی هەرێم کرد مانگانە لیستی مووچە بە پاکی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.

دەربارەی ڕووداوەکانی سووریا گوتی: "ئەوەی لای ئێمە گرنگە، چارەنووسی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لەگەڵ هاوپیشەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گفتوگۆداین، چونکە خوێندن لەوێ وەستاوە، بەهۆی شەڕی حەلەبەوە، بۆیە لەو بارەوە هەردوولامان ڕێککەوتووین نامە بنێرین بۆ ڕێکخراوی "نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە" بۆ ئەوەی بەزووترین کات فریای کوردستانییەکانی شاری حەلەب و دەورووبەری بکەون."

وتیشی "دەبێت بەزووترین کات وادەی نوێی هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دیاری بکرێت و هەموو لایەنەکان پێوە پابەند بن."

لە بەیاننامەیەکەدا باس لەوەش کراوە "دواهەمین کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان لە ساڵی 2011 کرا، لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا، چەندین جار بڕیار دراوە هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایان بکرێت، بەڵام هەرجارە و بە بیانووێک هەڵبژاردن نەکراوە."

دەشڵێت: "ئێمە لە فراکسیۆنی زەردی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی سەرشانمان، داوا لە سەرجەم لایەنەکان بەشدار لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەین، هەرچی زووە وادەیەک بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن و کۆنگرە دەستنیشان بکرێت، چونکە هیچ هۆیەک بۆ نەبەستنی کۆنگرە نابینین و هەلومەرجەکە لەبارە بۆ هەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرە."

ئەوەشیخستەڕوو"حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێداگیرە لەسەر بەستنی کۆنگرە، هاوکات خواستی زۆرینەی مامۆستایانیشە." ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە وەکوو فراکسیۆنی زەرد، سەرەڕای ئەوەی پۆستی سەرۆکی یەکێتییەکە و چەندین پۆستی دیکەی ئەو یەکێتییەمان لایە، لەهەمووان ڕژدترین بۆ بەستنی کۆنگرە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP