دواین هەواڵ

کوردستان‌

 26/11/2024

تا کۆتایی ئەم هەفتەیە وشکە سەرما بەردەوام دەبێت

هەرێم نیوز
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە وشکە سەرما بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی بەجێگیری ئەمێنێتەوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە 26-11-2024، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی شەپۆلی بارانبارین کاتەکانی بەیانی ئەمڕۆ کۆتایی پێھات و لەکاتەکانی ئێوارەوە قۆناغی کۆتایی ئەم شەپۆلە دەستپێدەکاتەوە و لەگەڵیدا بارستە ھەوا ساردەکە بەتەواوی دەگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و بارانی مامناوەند پچر پچریش لەناوچە جیاجیاکاندا دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم بۆ مامناوەند لە ناوچە شاخاوییەکان و بەتایبەت ناوچە سنورییەکان لەبەرزی 1200 مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە.

ئاشکراشیکرد، درەنگانی شەو کۆتایی بە شەپۆلی بەفر و بارانەکە دێت و سبەی چوار شەممە 27/11/2024 ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەور ئەبێت و کەش سەقامگیر ئەبێت و لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری بارستە ھەوای سارد و وشک پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ 4 تا 5 پلە نزمتر ئەبێتەوە ھەست بەکەشێکی سارد دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممەش 28/11/2024 بەھۆی نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بۆ سفر لەناوچە شاخاوییەکان چەند پلەیەک بۆ خوار سفر ئەگەری بەستن و شەختە ئەبێت

ڕوونیشیکردەوە، تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە وشکە سەرما بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی بەجێگیری ئەمێنێتەوە و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەدواوە بەرێژەیەکی کەم بەرزدەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP