هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "دروستکردنی ئەم سەنتەرە، بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ یارمەتیدانی تووشبووان و ئالوودەبووان و هاوکاریکردنیان بۆ دووبارە شیاندنەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی. هەروەها ئەم سەنتەرە هەوڵێکە بۆ زیاتر هۆشیاریی لەبارەی مەترسی و لێکەوتە و کارەساتی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر."
مەسرور بارزانی، لەمیانەی مەراسیمەکەدا ئاماژەی بەوەدا : حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەتی داوە بە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە مەترسییەکی جدییە بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانیان بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی داهاتوویان، بۆیە ئەم سەنتەرە هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی زیاتری هۆشیاری بەرامبەر ڕووبەڕبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.
باسی لەوەشکرد، لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پێکهنراوە و داواش لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەم ڕێکاری توند بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.
وتیشی: نیگەرانین لەوەی کە دەبینین دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بووەتە هەواڵی ڕۆژانەی میدیاکان، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی پەرلەمان و یاساوە ئەم هەڕەشەیە نەهێڵدرێت، چونکە قوربانییانی ئەم مەترسییە خەڵکی بێتاوانن.
سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە "ئێمە لە کاتێکدا پێویستە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی مافیاکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەکان ببینەوە و سزای توند بدرێن، بەڵام دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ئەو بازرگانە تاوانبارانە و ئەوانەی بە هەر هۆیەکەوە بەداخەوە، دەبنە قوربانی و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن."
لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دانا، کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی LDS ەوە بنیات دەنرێت.