هەرێم نیوز
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان ڕایدەگەیەنێت"بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت نابێت تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت لێبوردنی گشتیی بیان گرێتەوە."
ئەمرۆ دووشەممە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان ڕایگەیاند "زیاتر لە دوو هەزار و 500 ئافرەتی ئێزدی لە دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون، کە تاکوو ئێستە نەمان توانیوە ڕزگاریان بکەین، بەڵام دامەزراوەکانی حکوومەت لە ژێر سەرپەرشتیی و چاودێریی خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و بە هەموومانەوە لە هەوڵی ئەوەداین لە ئایندەدا بتوانین ئەوانیش ڕزگار بکەن و بتوانین بیانگەڕێنینەوە کوردستان و باوەشی خیزانەکانیان."
وتیشی: ئێمە لە کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارمان لەسەر لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانە کردووە، جێبەجێ کردن و داڕشتنی پلانی پرۆژەکان لەسەر حەوت بنەمای ستراتیجی ناسراو بە "ڕیسپێکت" کاری لە پێشینەی حکوومەتە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش.
ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم چەندان هەنگاوی بە کردار بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی ناوە بەشێکیان لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئاماژەی پێ کراوە ئەوی دیکەشیان لەلایەن یەکەکانی پۆلیس و دادگاکان ڕاوێژکارەکانی کۆمەڵایەتیی کاری گرنگی کراوە و بەردەوامیش دەبین لە بابەتە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند "ئەوەی لەهەمووی گرنگترە ئەوەیە لە ژێر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت نابێت تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت، لێبوردنی گشتیی بیان گرێتەوە، بۆ ئەم بوارەش هەوڵی ڕژد دراوە و هەموو یەکەکانی پۆلیسیش ڕاسپێردراون، کە نابێت هیچ دەرفەتێک لەدەست بدەن بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگە و وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان."