هەرێم نیوز
میلیشیاكانی عێراق دوو هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و "جەخت لە بەردەوامی هێرشەكانیان دەكەنەوە بەشێوەیەكی چڕتر"
گروپە چەكدارەكانی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی دوو هێرشی نوێ بە فرۆكەی بێفرۆكەوان بۆ سەر باشوری ئیسرائیل راگەیاند.
گروپە چەكدارەكانی عێراق، كە خۆیان بە رەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوو بەیاننامەیەی جیادا لە سەكۆی تیلیگرام رایگەیاند: چەكدارەكانی دوو هێرشی جیایان بە فرۆكەی بێفرۆكەوان ئەنجامداوە، یەكێكیان پێگەیەكی گرنگی كردووەتە ئامانج و ئەوی تریشیان پێگەیەكی سەربازی لە باشوری ئیسرائیل.
بەیاننامەكان ئاماژەی بە وردەكاری ناوچە بە ئامانج گیراوەكان نەكردووە، ئاماژەی بە زەرەر و زیانەكانیش نەكردووە.
هاوكات ئاماژەیان بەوەكردووە، هێرشەكان لە چوارچێوەی پشتیوانیكردنی هەردوو گەلی فەلەستین و لوبناندایەو جەختیشیان لە درێژەدان بە كردنە ئامانجی پێگەكانی ئیسرائیل كردووەتەوە بە شێوەیەكی چڕتر.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیسرائیل چەندین پەیامی هەڕەشە ئامێزی بۆ عێراق ناردووە بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەو، كردنە ئامانجی ژێرخانی ئابوری و سەركردەی گروپە چەكدارەكان لە حاڵەتی بەردەوامی ئەو هێرشانە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەڕەشانەو هەوڵی بەردەوامی حكومەتی عێراق بۆ راگرتنیان، تائێستا ئەنجامێكی نەبووە، ئەوەش ئەگەری پەلاماردانی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە كردووەتە ئەگەرێكی بەهێزو چاوەڕوانكراو.