هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد کە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بە سەرکەوتووی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ هەینی، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "مێپس" لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستیپێکرد، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، وتاری بەخێرهاتنی لە کۆڕبەندەکە پێشکەش کرد.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، "هیودارام ئەم دوو رۆژە کە ئەم کۆڕبەندە لێرە ئەنجام دەدرێت، هەموو بۆچوون و ئەو بڕیارانەی لەم کۆڕبەندەدا دروست دەکرێن و قسەیان لەسەر دەکرێت، بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی کوردستان، لە عێراق و لە ناوچەکە و سوود و مفای لێ وەربگرن".
وتیشی، "جێی خۆیەتی من سوپاس و دەستخۆشی لە خەڵکی کوردستان بکەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانێکی سەرکەوتوو لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە چەندین کێشە و گرفتدا تێپەڕ دەبێت، هیوادارام ئەنجامەکانی ئەم کۆڕبەندە لە خزمەتی هەموو خەڵکی عێراقدا بن، ئێمەش بتوانین سوودیان لێ وەربگرین".