هەرێم نیوز
بارزانی لە وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک دەڵێت: تەحەدییات زۆرن، تیرۆر هێشتا تەحەدایەکی گەورەیە. بەڵام بەلای منەوە تەحەدای لە هەموو گەورەتر بڵاو بوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەکەدا کە لە هەمووی مەترسیدارترە.
ئەمڕۆ هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێکرد و بارزانی بەشدارە لە کۆڕبەندەکەدا و وتارێکی پێشکەشکرد.
بارزانی لە وتارەکەیدا وتی: "هاتنی ئەو هەموو بەڕێزانە بۆ ئەم کۆڕبەندە، نیشانەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش چووە، نیشانەی ئەوەشە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک، جێگای خۆی کردووەتەوە."
وتیشی: "ئەم کۆڕبەندە گرنگە، بۆیە هەموو ناوچەکە پێویستی بە ئاشتی و ئاسایشە، ئەزموونی هەموو میللەتان و وڵاتان دەریخست کە بەشەڕ هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەت، بەڵکو بە ئاشتی و بە لێکتێگەیشتن و بەڕێز لەیەکتر گرتن، ئەمەیە ڕێگای ڕاست بۆ چارەسەری هەموو گرفتەکان."
بارزانی لەبارەی ئاڵنگارییەکانەوە لە ناوچەکە وتی: "تەحەدییات زۆرن، تیرۆر هێشتا تەحەدایەکی گەورەیە. بەڵام بەلای منەوە تەحەدای لە هەموو گەورەتر بڵاو بوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەکەدا کە لە هەمووی مەترسیدارترە، بەداخەوە کە زۆر لایەن کە دەسەڵاتییان هەیە، دایدەپۆشن و کارخانە دروست دەکرێت بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر، ناتوانن هیچی لێ بکەن و بازرگانییەکی ئازادانەی پێ دەکرێت، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە ئەمە کوشتنی نەتەوەیەکە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەئەنجامی هەڵبژاردن کرد و وتی: لەو هەڵبژاردنە لە سەدا 72ـی خەڵک بەشداری کرد، ئەنجامەکانیش ئاشکرا بوون، ئومێدەوارین هەموولایەک هەڵسوکەوت لەگەڵ شەرعییەت بکەن، "ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بکەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوو یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە لە کوردستان هەبێت".