دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

ئیسرائیل هێرشدەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەکی باڵای بەرگری لە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەگەری هەنگاوی سەربازی لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئارادایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "جورسەلیم پۆست" ئەم بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە بارودۆخی ئێستا دەرفەتێکی "زێڕین"ی بۆ ئیسرائیل ڕەخساندووە بۆ بەئامانجگرتن و لەکارخستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، بەپێچەوانەی ساڵی 2009 کە بەشێکی زۆری ئەندامانی هێزی بەرگری ئیسرائیل بەپێشنیاری نەتانیاهو ڕازی نەبوون بۆ هێرشکردنە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئێستا کۆدەنگی تەواو هەیە ئەم هێرشە ئەنجام بدرێت.

بەهۆی ئەم کۆدەنگییەوە، بەرگریی ئیسرائیل زیاتر لە جاران سەرنجی خستووەتە لەسەر پرسە پراکتیکییەکان بۆ ئەوەی ئامادەکاری پێویست بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە بەدەست بهێنێت.

ئیسرائیل باوەڕی وای دەرفەتی زێڕین بۆ هێرشەکە ماوەتەوە و بۆ ماوەیەکیش بەردەوام دەبێت، چونکە گرنگترین سیستەمە بەرگرییەکانی ئاسمانیی ئێران لەناوچوون و "قەڵغان"ی میلیشیاکانی ئەو وڵاتە، وەک حیزبو..ڵڵا و حەماس، تاڕادەیەکی زۆر لاوازبوون.

ناوبراو ئەمریکای بە فاکتەری سەرەکی لەم کارەدا ناوبرد و وتی: گرنگترین بابەت کە پێویستە ئیسرائیل گرنگی پێبدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هێرش بکاتە سەر ئێران، بەرەوپێشچوونی بەردەوامی تواناکانی بەرگری خۆیەتی.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی جەرسەلیم پۆست، لە هێرشەکەی 26ی ئۆکتۆبەردا، حکومەتی ئیسرائیل فەرمانی بە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی کردبووە، نزیکەی 20 شوێنی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ئێران بکەنە ئامانج.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، پێش هەڵبژاردنەکان و پێش هێرشی 26ی ئۆکتۆبەر، بە ئاشکرا پێشنیاری بۆ حکومەتی ئیسرائیل کردبوو کە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە وەڵامی هێرشەکەی ئێران لە 1ی ئۆکتۆبەر.

هاوکات بە وتەی بەشێک لە ڕەخنەگران، هێرشێکی لەو شێوەیە، ڕەنگە ئیسرائیل لە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕزگاری نەبێت، چونکە بەشێک لە ئیمکاناتەکانی ئەم بەرنامەیە لە ژێر چیاکاندا بنیات نراون و تەنانەت ئەگەر سەرکەوتوویش بێت، تەنها ئێران بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ دوادەخات.

هەروەها ڕەخنەگران پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئێران دەتوانێت ئەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر ئاوەدان بکاتەوە. هەروەها دەڵێن، ڕەنگە هێرشێکی لەو شێوەیە زیاتر هاندەری ئێران بێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، پێشتر و بەتایبەت لە ئێستادا، چ حکومەتەکەی ترەمپ لە ئەمریکا و چ نەتانیاهو لە ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات، لەڕێگەی سەربازی بێت یان فشاری توندی ئابووری و دیپلۆماسی.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە وتارێکدا لە 11ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە مەرجە دیپلۆماسی و ئۆپەراسیۆنی و تاکتیکییەکانی هێرشکردنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەرگیز تاوەکو ئێستا بەم ئەندازە جێبەجێکراو و واقیعی و بەردەست نەبووە.

ئەو وتی، دوو هێرشی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەریخست کە ئیسرائیل تا چ ئەندازەیەک ئاستی لە توانا سیستمە بەرگرییەکانی ئێران بەرزتر و بەهێزترە.

جەختیشی کردەوە، "ئەمڕۆ کۆدەنگییەکی بەرفراوان لە نێوان دامەزراوە نیشتمانی و بەرگرییەکان هەیە کە دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پووچەڵ بکەینەوە و تێگەیشتنێک هەیە کە ئەمە نەک تەنها لە ڕێگەی ڕێوشوێنی ئەمنییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی دیپلۆماسییشەوە دەکرێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP