دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانى سەرژمێریی و ئەرکی دەوڵەت

 هەرێم نیوز
ماوەیەکە پرۆسەى سەرژمێریی لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەگوڕوتینێکى زۆر و پێشوازییەکى گەرمی هاووڵاتییانەوە دەستى پێکردووە و پێدەچێت تا کۆتایی پرۆسەکە چەند هەفتەیەکى دیکەش بخایەنێت، لەبەر ئەوەى وردەکاریی زۆری تێدایە و هەر هەڵەیەکی گەورە پرۆسەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، مێژووى کارپێنەکردنى سەرژمێریش لە عێراق مێژوویەکى تایبەت و دورودرێژی هەیە، لەبارەى کێشەکانى سەرژمێریشەوە زۆرن.

 ئایین و نەتەوەش نەبێت دەبێت سەرژمێریی هەبێت:

 لابردنى -نەتەوە و ئایین – لەنێو فۆرمى 2024 دا کەمێک نیگەرانى لێکەوتەوە، بەڵام نەبووە بایسى راوەستانى پرۆسەکە. بەڵام گەڕانەوەى بەلێشاوى خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان و پاریزگا و شوێنەکانى دی نیشاندەری ئەو راستییەن کە خەڵک حەزی بە کاری جدی و گۆڕانکاریی و ئامار و داتا هەیە.

ئەو کوردانەى ناونیشانى هەڵەیان داوە بە وڵاتانى ئەوروپا:

یەکێک لەو کێشە گەورانەى کە باسى لێدەکرێت ئەو هاووڵاتییانەیە کە لەئەوروپا نیشتەجێن و لەبەر پێدانى رەگەزنامەى ئەوروپا یان پێدانى مافى نیشتەجێبوون، ناونیشانى نادروستیان داوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەم سەرژمێرییەوە بەتەواوەتى پێچەوانە دەبێتەوە و لە ئەگەرى ناردنى ئەو زانیارییانە بۆ وڵاتانى ئەوروپا کێشەی گەورەیان بۆ دروست دەبێت، هەرچەندە پرۆسەکەش قورسە و کەمێکیش دوورە، بەڵام خەمێکى گەورەیە و بەرۆکی ئەو هاووڵاتییانەى گرتووە، بەڵام ئەوەى ئەم خەمەى رەواندووەتەوە نەبوونى پرسیارە لەو باریەوە کە هیچ بژمیرێک ناپرسێت ئەو هاووڵاتییانە لە چ وڵاتێکن و لە فۆرمەکەشدا دەستنیشانى بۆ نەکراوە، ئەگەر لە ماوەى داهاتوودا ئەوەى بۆ زیاد نەکرێت، لەئەگەرى زیادبوونى ئەو بەشەدا کێشەیەکى گەورە دەبێت ئەوە لە حاڵێکدا کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن بەریتانیا هاوکاریی چەند وڵاتێک دەکات بۆ رێگریی  کردن لە سەفەرى  وڵاتەکەیان بە مەبەستى پەنا بەریی.

وەک ئاماژەشمان پێکرد سەرژمێریی دانیشتوان گەورەترین ئامانجی پرۆسەکەیە تا حکومەت بزانێت زیادیان کردووەیان کەم؟ رێژەى زیادی و کمییەکە چەندە؟ لە کوێ زیادیکردووە و هۆکارەکانى چین؟ بێگومان  ئەویش لە لایەنى ئەرێنى و نەرێنى تێناپەڕێت کە بە کورتى هەندێک تیشک دەخەینە سەریان:

لایەنە ئەرێنییەکانی زیاد بوونى دانیشتوانى وڵاتێک:
لایەنە ئەرێنییەکانى زیادبوونى رێژەى دانیشتووان:

1-زۆربوونی دەستى کار، کە ئەوەش هۆکاریکی گەورە دەبێت بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەکان و بەوە بوژانەوە بە سێکتەرەکاندا دروستدەبێت.

2-فراوانبوونى بەکاربردن، کاتێک ژمارەى دانیشتوان زیاد دەکات خواست لەسەر شمەک زۆرتر دەبێت و بەوەش شمەک و پێداویستى زۆرتریان دەوێت و بەوەش بەشێک لە وەبەرهێنانى ناوخۆیی و بازرگانى روو لە بوژانەوە دەکات.

3-دەرکەوتنى رۆشنبیریی جۆراوجۆر، یەکێک لە هۆکارەکانى فراوانبوونى بیروبۆچون و رۆشنبیریی خەڵکی وڵاتێک بەشێکى پشت بە رێژەى زۆر و کەمی دانیشتوانەکەى دەبەستێت و لەوێوە پێکەوەژیان و هەمەچەشنى کار و پیشە دەردەکەوێت.

لایەنە نەرێنییەکانى زیادبوونى دانیشتوان: 

1-کەمبوونەوەى سەرچاوە سروشتییەکان، زۆری ژمارەی دانیشتوان کاردەکاتە سەر کەمبوونەوەى سەرچاوەناوخۆییەکانى بژێویی وەک ئاو، وزە، خۆراک، هەموو ئەوانەش پەیوەندییان بە ئاسایشى نیشتمانییەوە هەیە بۆیە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

2-خواست لەسەر شوێنى نیشتەجێبوون زیاد دەبێت، هەرکات ژمارەى دانیشتوان زیادیکرد، خواست لە سەر شوێنى نیشتەجێبوونیش زیاد دەکات، ئەوەش دەبێتە ئەرکێکى دیکەى حکومەت کە پێداویستییەکانیان بۆ جێبەجێ بکات.ئەوە سەرەڕاى قەرەباڵغى و چڕیی و فروانبوونى شارەکان و کەمبوونەوەى زەویی کشتوکاڵی و تێکچوونى ژینگە.

3-سەرهەڵدانی ئاڵنگاریی ئابورى و کۆمەڵایەتى ، دەرکەوتنى بێکاریی، دابەشبوونەوەى سامانى نیشتمانى بەشێوەیەکى نایەکسان، کەمبوونەوەى پێدوایستییە تەندروستییەکان و بوارى پەروەردە.

ئەمانەى کە باسکران بەشێوەیەکى خێرا لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانى زۆربوونى ژمارەی دانیشتوانى وڵاتانە، کە حکومەتەکان دەیانەوێت لەو رێگەیەوە چارەسەرى گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە، لە رێگەى پلانى بەردەوام و درێژخایەنەوە، تا بتوانرێت کاریگەرییە نەرێنییەکانى کەم بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP