هەرێم نیوز
شەڕ لە نێوان سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپی چەکداریی سوننی "جەیشول عەدل" لە ناوچەی بەلوچستانی ئێران ڕوویداوە و کوژراو و بریندار لە هەردوولا هەبووە. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پاسدارانیش خراوەتەخوارەوە.
شەڕەکە لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە ڕوویداوە و ماوەی 12 کاتژمێری خایاندووە.
حکومەتی ئێران لەم شەڕەدا بەفەرمی کوژرانی سێ ئەندامی خۆی ڕاگەیاند.
بەڵام لای خۆیەوە ڕێکخراوی چەکداری جەیشول عەدل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە "نزیکەی 35 ئەندامی سەربازیی سوپای پاسداران و هەواڵگری لەم شەڕەدا کوژراون و بریندار بوون، هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی هێزە سەربازییەکانیش خراوەتە خوارەوە". و پشتڕاستی کردەوە کە سێ لە ئەندامەکانی کوژراون.
جەیشول عەدل هێزێکی چەکداری سونەمەزهەبن کە لە خەڵکی بەلوچی ناوچەی بەلوچستانی ئێران پێکهاتوون کە دەکەوێتە سنووری ئێران و پاکستانەوە. ئەم هێزە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و بەردەوام لە ناوچەی بەلوچستان شەڕ لەگەڵ پاسداران دەکەن.