دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

هەرێم نیوز

دوای 21 ساڵ بڕیارە لەم مانگەدا سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت. دوایین سەرژمێری دانیشتوانی عێراق،  ساڵی 1997 کراوە،  کە ئەو کات ژمارەی دانیشتوانی عێراق 22.33 ملیۆن کەس بووە.

سەرژمێری گشتی وەك پڕۆسەیەكی دەستوریی و یاسایی بۆ زانینی جوڵەی دانیشتووان لەعیراقدا گرنگییەكی زۆری هەیە، خودی پڕۆسەكە پڕۆسەیەكی دەستوری و یاساییە، بەپێی دەستووری كۆماری عیراق ساڵی ٢٠٠٥ ٠م ١١٠/نۆیەم. یەكێكە لەتایبەتكارییە دابڕەكانی دەسەڵاتی فیدراڵی یاسای بۆدەردەكات. و لەڕێگەی دەستەی باڵای سەرژمێرییەوە كەسەر بەوەزارەتی پلاندانانی فیدراڵییە، جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ هەینی 15ی11ی2024 قۆناغی یەکەمی پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێم و عیراق دەستپێدەكات و تیمەكان سەردانی ماڵی هاووڵاتیان دەكەن بۆ زانینی ژمارەی تەواوی ئەندامانی خێزانەكان.

بەپێی ئەو پلانەی بۆ سەرژمێری گشتی داڕێژراوە، وەک قۆناغی یەکەم لە ئەمڕۆ 15-11-2024وە، تا 19ی ئەم مانگە سەرجەم تیمەكانی سەرژمێری گشتی سەردانی ماڵان دەكەن.

لەم قۆناغەدا کە هەر 19 پارێزگاکەی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە، تیمەكانی سەرژمێری سەردانی ماڵەكان دەكەن و ژمارەی ئەندامانی خێزانەكان تۆمار دەكەن.

ئەم هەنگاوە دەبێتە بنامەیەک بۆ ڕۆژی سەرژمێری گشتیی، بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامە و پێناسانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا دەدرێنە تیمەکان، دەبێت ئەو کەسانە لە رۆژەکانی 20 و 21ی مانگدا لە ماڵەوە بن و ڕووبەڕوو تیمەکان ببینن و وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.

دوای قۆناغی یەکەم، قۆناغی دووەمی پرۆسەکە لە 20 و 21ی مانگ دەستپێدەکات کە قۆناغی سەرژمێری گشتیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام و قەدەغەی هاتوچۆی گشتی دەبێت تا سەعات 12:00شەوی 21 لەسەر 22ی مانگ.

لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری جەخت دەکاتەوە هاتوچۆ لەنێوان یەکە کارگێڕییەکان قەدەغە دەکرێت، بەڵام لەناو شار و گەڕەکەکان هاووڵاتیان دەتوانن بۆ کاری پێویست بچنە دەرەوە.

سەبارەت بەناوچە دابڕێندراوەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، ئەنجامی سەرژمێریی لە ناوچەکانی ماددەی 140 بڵاونەکرێتەوە تاوەكو وردبینی لە سەرژمێری دانیشتوانی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان دەكرێت، بەگوێرەی بڕیارەكە، "لیژنەیەكی هاوبەشی هەرێم و بەغدا وردبینی دەكەن و ناوەكان بەراورد بە سەرژمێری ساڵی 1957 دەكەن".

لە سەرژمێری گشتی عێراقدا دەردەکەوێت کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق و هەرێمیش زیادی کردووە و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادکردنی پشکی هەرێم لە بودجە و زیادبوونی کورسییەکانی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق.

فەرمانبەرانی دەستەی ئاماری هەرێم و تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان بە نوێترین و باشترین شێواز سەرژمێرییەکە ئەنجام دەدەن؛ چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، پێویست بە 20 هەزار فەرمانبەر بێت تاکوو پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.

دوای ئەنجامدانی سەرژمێری لە 20 و 21ی ئەم مانگەدا، ڕۆژی 22ی ئەم مانگە دەرئەنجامەکانی سەرژمێریی لە قۆناغی یەکەمدا ڕادەگەیەندرێت کە ژمارەی دانیشتووانی کۆی عێراق و هەر پارێزگایەک بە جیا لەخۆدەگرێت، قۆناغی دووەمیش کە هەموو وردەکارییەکان لەخۆدەگرێت لەنێوان شەش هەفتە بۆ دوو مانگی پێدەچێت و لە سەرەتای ساڵی نوێدا ڕادەگەیێنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP