دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

لە ترسی کوژرانی؛ سێ جێگرەوە بۆ خامنەیی دیاریکرا

هەرێم نیوز

"ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری" سێ کەسی بۆ جێنشینی عەلی خامنەیی دیاریکردووە، بەڵام ناوی ئەو کەسانە بە نهێنی ماوەتەوە. ئەم قسە و باسانەی جێنشینی خامنەیی، لەناو زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و نیگەرانییەکان لە ئەگەری کوژرانی خامنەیی لە لایەن ئیسرائیلەوە هاتوون.

ترس لە کوشتنی خامنەیی

پێش ململانێیەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل، پرسی جێنشینی خامنەیی باس دەکرا، بەڵام ئێستا بە جددیتر ئەم پرسە تاوتوێ دەکرێت. خامنەیی لە دیدارەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان، خۆی ئامۆژگاری کردوون کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خێرای سەرکردەیەکی نوێ ئامادە بکەن.  بە وتەی هەندێک لە چاودێران، ئەم ڕاسپاردانە نیگەرانیی خامنەیی لە ئەگەری کوشتنی لەلایەن ئیسرائیلەوە نیشان دەدەن.

لەناو حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەنجومەنێک بەناوی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری هەیە، کە بەرپرسە لە چاودێریکردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەرپرسیشە لە دانانی کەسێک وەک ڕێبەری نوێ، لە ئەگەری کوژران یان مردنی ڕێبەرەکە.

ئەبولحەسەن مەهدەوی، ئەندامێکی ئەنجوومنەکە، لە وتاری نوێژی هەینی ئەسفەهان جەختی لەوە کردەوە کە خامنەیی لە ڕووی جەستەییەوە تەندروستە و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئەم قسانە بە وتەی شرۆڤەکاران، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە خەمی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران، مەرگی سروشتی خامنەیی نییە، بەڵکو هەڕەشەی دەرەکی و ئەگەری هەیە لە کوژرانی ئەو لەلایەن ئیسرائیلەوەیە.

حەیدەری کاشانی، ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شارەزایان، پشتڕاستی کردەوە کە دیداری ئەم دواییەی خامنەیی لەگەڵ ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە لە کەشوهەوای "شەهیدبوون"دا بەڕێوەچوو و بە وتەی ئەو، ئامادەبووان لەم دیدارەدا گریاون. ‌ئەم ئەندامەی شارەزایان لە زاری خامنەیی وتوویەتی ئەگەر من نەمێنم، ئەنجوومەنەکە دەبێت زۆر زوو سەرکردەیەکی نوێ هەڵبژێرن. ئەمەش جۆرێکە لە نیگەرانی لە ڕاپەڕینی خەڵک لە غیابی خامنەیی و زیادکردنی ئەگەری ڕووخاندنی ڕژیم لە ڕاپەڕینی گەلی ئێراندا.

موجتەبا خامنەیی؛  بژاردەیەکی گەورە

سێ کەس بۆ جێگرەوەی خامنەیی هەڵبژێردراون، بەڵام تا ئێستا ناویان ئاشکرا نەکراوە. پێدەچێت موجتەبا خامنەیی کە دووەم و سیاسیترین کوڕی عەلی خامنەیی بژاردەیەک بێت کە شانسی زۆری هەیە.

موجتەبا تاکە منداڵی خامنەییە کە بە ئاشکرا باس لەوە دەکرێت کە خۆی بۆ سەرکردایەتی ئامادە دەکات.  لە 27 ساڵ لەمەوبەرەوە بە ڕەزامەندی باوکیەوە لە پشت پەردەوە بەشدارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕژێم. هەروەها عەباس پالیزدار دۆستی نزیکی موجتەبا خامنەیی و محەمەد سەرەفراز بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختیان لەسەر ڕۆڵی موجتەبا کردووەتەوە.  هەروەها لەم دواییەدا لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند وازی لە وتنەوەی وانەی ئاینیی هێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ خۆئامادەکردن بۆ جێگرەوەی خامنەیی باوکی.

عەلیرەزا ئیعرافی؛  ئەگەری هەیە بژاردەی دووەم بێت

ڕەنگە بژاردەی دیکە عەلیرەزا ئیعرافی بێت کە کەسێکی متمانەپێکراوی نزیکی خامنەییە. جێگری دووەمی ئەنجوومەنی شارەزایانە و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران و وتاربێژی قوم و یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی "حەوزەی عیلمیە"یە.  پێگەی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا وا دەکات زیاتر وەک جێنشینێک هەڵبژێردرێت.

هاشم حوسێنی بوشێهری؛  کەسی سێیەم؟

پێدەچێت سێیەم بژاردە هاشم حوسێنی بوشێهری بێت. جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایان و بەرپرسی کۆمەڵگەی مامۆستایانی "مەدرەسەی عیلمیە"ی قوم و وتاربێژی قوم. بەهۆی نزیکیی لە خامنەیی و هەبوونی چەند پۆستی گرنگ و سەرەکی، هەلی زیاتر کردووە.

بژاردەی دیکە

لە نێو ناوەکانی دیکەدا، عەلی خومەینی و حەسەن خومەینی (نەوەکانی ڕوحوڵڵا خومەینی) دەبینرێن، بەڵام ئەگەری ئەو کەسانە کەمە بەهۆی ئەوەی لە پێکهاتەی سیستەمی حکومەتدا پێگەیان بەرز نییە. حەسەن خومەینی، نۆ ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژاردنی بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان بێبەش کرا و بە کردەیی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و تەنانەت ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان نییە.

ئیبراهیم ڕەئیسی کە هەم سەرۆککۆمار و هەم جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایان بوو؛  ڕۆژێک پێش دانانی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی شارەزایان، لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەیدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. لە کاتێکدا بژاردەی یەکەم بوو بۆ بوون بە سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایان. ئەحمەد خاتەمی کە دەوترێت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا ڕەخنەی لە پرسی ڕێبەرێتی موجتەبا خامنەیی گرتووە، دەستبەجێ لە دەستەی ئەنجوومەنەکە دوورخرایەوە.

هەرچەند دیار نییە کێ وەک جێنشینی خامنەیی هەڵدەبژێردرێت، بەڵام بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە موجتەبا خامنەیی هەلی باشتری هەیە. ئەگەرچی کێشەی سەرەکی ئەو سیستەمە دانانی جێنشینی خامنەیی نییە، بەڵکو مانەوەی ئەو حکومەتەیە، لە سەردەمێکدا لەگەڵ دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ و زیادبوونی ململانێکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، لەگەڵ هەڕەشەی شەڕ لە هەر ساتێکدا.  شکست لە شەڕ و ئەگەری ڕاپەڕینی خەڵک. ئەو کەسانەی بە توندی گلەیی لە ناکارایی سیستمەکە دەکەن لە بوارەکانی وەک نەبوونی کارەبا، گاز، و بەنزین، هەروەها زۆر ناڕازین و توڕەن لە دەستوەردانی ئەو سیستەمە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، وەک سەپاندنی حیجابی ناچاری و فیلتەرکردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر پرسی دیکەی ئابووریش.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP