هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "الجریدە"ی کوەیتی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، کە "ئێران بڕیارە پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات".
دەشڵێت، "راست نییە ئێران وەڵامدانەوەی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلی بۆ دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ دواخستووە".
ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: ئێران باوەڕی وایە، ئەوە حکومەتەکەی جۆ بایدن بوو کە ڕێگەی بە ئیسرائیل دا هێرش بکاتە سەر ئێران، بۆیە دەبێت پێش گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حکومەتی نوێ لە ٢٠ی مانگی یەک، یەکلایی بکرێتەوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیەدا هاتووە: "هەموو وڵاتانی کەنداو (فارس) کە میوانداری بنکە ئەمریکییەکان دەکەن، تارانیان ئاگادار کردووەتەوە کە هەرگیز قبووڵ ناکەن خاکەکەیان بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بەکاربهێنرێت".
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل ڕەنگە ئامانجگرتنی بنکەکانی مۆساد لە یەکێک لەو دوو وڵاتە ئازەربایجان و جۆرجیا لەخۆ بگرێت.
پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئێرانییەکان بەمیدیاکانی ئەمریکایان وتبوو پێش هەڵبژاردن هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل بەڵام وەک دیارە ئەمە ڕووینەدا.
ئەوکات ئەمریکا وتبووی ئەگەر ئێران ئەمکارە بەدەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەقەڵەمی دەدات.
ئێران بەم هێرشەی دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی سادق 3" جێبەجێبکات و وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە کە بەهۆیەوە گورزێکی توند بەس توانای سیستەمی بەرگری ئێران کەوتبوو.
بەڵام ئەمجارە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە ئەگەر ئێران بۆ جاری سێیەم هێرشبکات، ئەوا هیچ کێڵگەیەکی نەوتی لە وڵاتەکەیدا ناهێڵێت و بۆردوومانیان دەکات.
لە ئەگەری هێرشێکی لەوجۆرە بۆ سەر ئێران، چاوەڕوان دەکرێت گورزێکی بەهێزی ئابووری بەر ئێران بکەوێت و فشاری ناوخۆیی خەڵکی بۆ سەر حکومەت لەئەنجامی لێکەوتە نەرێنییە ئابوورییەکانی هێرشەکە زیاتر بێت.
لە ئێستادا کە حکومەت لە ئەمریکا گۆڕاوە و ترەمپ هاتووەتە سەر دەسەڵات، و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێشتر ئیسرائیل جاری پێشوو بەهۆی فشاری ئەمریکاوە هێرشی نەکردبووە سەر کێڵگە نەوتییەکان، ئەگەری هەیە ئەمجارە ئیسرائیل هیچ چاوپۆشییەک لە ئێران نەکات و گورزی توندی لێدات. بەتایبەت کە ترەمپ و نەتانیاهو تێڕوانینیان نزیکە لەیەکترەوە لەبارەی ئێرانەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ جار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەنجامداوە.
ئەو جەختی لەوە کردەوە، کە خۆی و ترەمپ دیدێکی هاوبەشیان لەسەر ئێران هەیە و مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران هاوشێوەی یەک بەجیددی وەردەگرن.
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش وتی، "ئێران ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لاوازبووە و ئەمەش دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە گرنگترین ئامانجمان کە پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلە".
ئەگەرچی ڕاوێژکاری ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە نیەتیان نییە لەگەڵ ئێران بچنە شەڕەوە بەڵکو ئامانجی یەکەمیان گەیشتنە بەڕێککەوتن، بەڵام بەرپرسانی سەربازیی باڵای ئێران پێشتر چەندینجار بەفەرمی جەختیان لەوە کردەوە کە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بەدڵنیاییەوە دەدەنەوە و ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.