دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان

لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی ترەمپ دەکات، کە زۆر ڕێی تێ دەچێت مزگێنیی ستراتیژێکی ئەمریکیمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستڕۆیشتوویی (نفووز)ی ئێران لە عێراق، پێ بدات؛ لەگەڵ سەرنجخستن (تەركیزكردن)ە سەر سزا دارایی و هەواڵگرییەکان، نەک دەستێوەردانی سەربازی. تیمەکەی ترەمپ ئامڕازە ئابوورییەکان بەکار دەهێنێت بۆ بەئامانجگرتنی ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان لێ دەکات و کەرتی نەوتی عێراقیان پەک خستووە. وا دیارە پەیوەندیی نێوان سەرکردە عێراقییەکان و واشینتۆنیش جۆرە مامەڵەکردنێک دەبێت، کە پێوەستەکانیان بە تارانەوە دیاری دەکات؛ ئەمریکا هەوڵ دەدات دەسڕۆیشتووییی ئێران کەم بکاتەوە و خۆیشی لە دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لا بدات.

ڕەنگە دیسان هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژە بێت بۆ سەرەتای هەوڵێکی شێلگیرانەی ئەمریکا دژی دەسڕۆیشتووییی ئێران لەناو عێراقدا. ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ترەمپ خۆی بەرژەوەندییەکی لەناو عێراقدا هەبێت: ئەو وەها سەیری عێراق دەکات کە شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆکانە، نەوتی تێدایە و هیچی تر. لەگەڵ ئەوەیشدا کۆمارییەکان دەیانەوێت لە هەموو بوارەکاندا دەستی ئێران کورت بکەنەوە؛ عێراق ئێستا شانۆی گەورەترین سەرکەوتنی ئێرانە: کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتێکی گەورەی عەرەب بە بەکارهێنانی خوێن و سامانی جەنگەکانی ئەمریکا لە عێراق، وەک خاڵی دەسپێکی تاران بەرەو سەرکەوتن. هەوڵە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی دەسڕۆیشتووییی ئێران لە عێراق، پەیوەندییەکی کەمی بە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکاوە لە عێراق، هەیە. لە جیاتی ئەوە، هەڵمەتی کاریگەریی پێچەوانە لەسەر ئەو گرووپانەی ئێران پشتیوانییان لێ دەکات لەسەر هەواڵگریی داراییی ئەمریکا، سزاکان و جەنگی سیاسی دژی میلیشیاکان و توانایان بۆ بەکارهێنانی ئابووریی نەوتی عێراق وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی پارە، تا ببنە مایەی هەڕەشەی تێکدانی ئاسایش. ئیدارەی ترەمپ وەها دەڕوانێتە پرسەکە کە ئەو هیچی نییە لە عێراق بیدۆڕێنێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەوەی کەم کەمە گوشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق تا بەغدا لە کاریگەریی ئێران دوور بخاتەوە، ئەوە هەموو شتێک دەباتەوە.

دۆناڵد ترەمپ هەرگیز گرنگییەکی زۆری بە عێراق وەک دەوڵەت نەداوە. تاکە سەردانیشی بۆ ئەو وڵاتە، بەغدای پایتەخت یان کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی تێدا نەبوو، بەڵکوو تەنیا سەردانی هێزەکانی ئەمریکای کرد لە بنکەی ئەسەد لە بیابانی خۆراوای دوورەدەست.[1] ئەمەیش زۆر شتمان پێ دەڵێت دەربارەی سەرنجی زۆری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە شوێنێكی وەک عێراقدا، کە وەها بۆی دەڕوانێت ئاژاوەیەکی ناسەقامگیرە لە وڵاتێکدا کە ئەمریکا شتێکی ئەوتۆی لێ دەست ناکەوێت.

کاتێک لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دا، بۆ جاری دووەم ترەمپ دەبێتە سەرۆک، پێ ناچێت زۆر بیر لە عێراق بکاتەوە، یاخود سەفەری ئەو وڵاتە بکات، بەڵکوو تیمی سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا زۆر شتی دەبێت تا لەوێ بیڵێت و بیکات. ژمارەیەک لە دەستەبژێری کۆماری لە سیاسەتی دەرەکیدا، کە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، گرنگییەکی زۆر بە عێراق دەدەن. جەنگاوەرە دێرینەکانی وەک مایک واڵتز، کە ترەمپ بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی هەڵی بژاردووە[2]، ساڵانێک لە عێراق لە خزمەتی سەربازیدا بوون. ئەوانە هەرگیز کۆڵ نادەن لە هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامەکە لە عێراق؛ واتە ئەوەی ئێران لەسەر حیسابی ٤٥٠٠ کوژراوی ئەمریکا هەموو دەستکەوتەکانی بۆ خۆی برد و لە ئێستایشدا خۆی سەرۆکوەزیرەکانی عێراق دەستنیشان دەکات.[3]
کۆمارییەکان بینییان لە ساڵانی دوای نەمانی ترەمپ لە پۆستەکەیدا، ڕەوشی عێراق زۆر تێک چوو و، ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانیی لێ دەکردن، هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١یان دۆڕاند، کەچی هێشتا لە پێکهێنانی حکوومەتەکەی ساڵی ٢٠٢٢دا هەر بەسەرکەوتوویی مانەوە[4] و “محەمەد شیاع سوودانی”یان کرد بە سەرۆکوەزیران، کە بەسووکایەتیپیکردنەوە بە ‘”بەڕێوەبەرە گشتییەکەیان” ناوی دەبەن.[5] ئەمەیش ئارەزوویەکی پەنهانی خوڵقاند بۆ ئەوەی هاوسەنگیی ناو عێراق لە ئێران دوور بخرێتەوە. تەنانەت جێگری داهاتووی سەرۆک، جەی. دی. ڤانس، کە لە جەنگاوەرە دێرینەکانی عێراقە و باوەڕی وایە کە داگیرکردنەکە گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی ئەمریکا بوو، ئێستا پێی وایە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا، دەگەڕێتەوە بۆ نشوستیهێنانی سیاسەتی ئەمریکا و، دەبێت پێچەوانە بکرێتەوە.[6]

لەگەڵ ئەوەیشدا، نە ترەمپ و نە ڤانس پشتیوانیی لەوە ناکەن سەرلەنوێ هەڵمەتی سەربازیی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام بدرێت. دوایین جار کە ئەمریکا لەناو یەکسانەکانی عێراقدا، پێگەی یەکەمی هەبوو، هۆیەکەی ئامادەیییەکی سەربازیی بەهێز بوو: لە ماوەی نیوان ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ بە بوونی نزیکەی ١٨٥ هەزار سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکەدا. ئەگەر لە ساڵی ٢٠٢٥ و سالانی دواتردا حکوومەتی ئەمریکا هەوڵ بدات کاریگەریی ئێرانییەکان لەناو عێراقدا کەم بکاتەوە، ئەوە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هێزەوە نابێت، بەڵکوو لە ڕێگەی “زیادکردنی کاری هەوڵگری”یەوە دەبێت.

ئەو بڕیاردروستکەرانەی ئەمریکا لە تیمی نوێی ترەمپدا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت دەکەن، باش ئاگاداری کاروباری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و جەنگی ناهاوتا و سزاکانن. لەناو ئەوانەدا کۆنە ئەفسەری هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا هەن، وەک مایک واڵتز و ڕۆبێرت گرینوەی، کە یەکە سەربازییەکانیان بۆ ئەنجامدانی جەنگی نائاسایی پێک هێنراون، لەگەڵ ژمارەیەک لە جەنگاوەرە دێرینەکانی سوپای ئەمریکا لەو جەنگە شاراوەیەدا کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا و لەسەر خاکی عێراق هەیە؛ بۆ نموونە ژوێل ڕایبورن، کە ئەگەری هەیە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە، ڕادەستی ئەو بکرێت. ئەوانە پێکەوە گرووپێکی بەهێزی ڕاپەڕێنەری ئەرکەکان لە نێوان ئاژانسەکاندا پێک دەهێنن بۆ زیانگەیاندن بەوانەی شەریکی میلیشیا ئێرانییەکانن لە عێراق و کەمکردنەوەی تواناکانیان بۆ سوودوەرگرتن لە بوودجەی ساڵانەی عێراق کە دەگاتە ١٥٠ ملیار دۆلار.[7]

ئەمریکا، بۆ ئەم جۆرە کارانە پێویستیی بەوە نییە لەسەر زەویی ناوچەکە هێزی هەبێت، چونکە عێراق ئەوەندە لاوازە کە بەئاسانی سیاسەتی سزادانی بەسەردا پیادە دەکرێت[8] و بەپێی ئەو بەڵگانەی لە ڕۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری (لێكۆڵینەوەیی)یەوە سەبارەت بەوەی ئێران بانکە عێراقییەکانی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی دەستی بگاتە دۆلاری ئەمریکی[9]، هەروەها خراپبەکارهێنانی کەرتی نەوتی عێراق بۆ پەیداکردنی پارە بۆ ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەکات و یاریدەدانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی نەوتی خاو، دەتوانرێت سزاکانی سەری زیاتر بکرێن.[10] عێراقی دەوڵەمەند لە نەوتدا، بووە بە “مانگا شیردەرەکە”ی تەواوی بەرەی خۆڕاگری (بەرەی موقاوەمە) لە دەرەوەی ئێران – لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی[11] و حووسییەکانی یەمەن[12] کە شان بە شانی میلیشیا عێراقییەکان کۆ دەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی پشک.

لە ساڵی ٢٠٢٥، ئیدارەی ترەمپ چەند سزایەکی هەڵبژاردە بەسەر بانک و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و وەگەڕخەری بەندەرەکان و کۆمپانیاکانی بارکردنی کەلوپەلدا دەسەپێنێت بە مەبەستی ناردنی ئاماژەیەک بۆ بکەرە بازرگانییەکانی دیکە تا خۆیان لە پیتاککردنی تیرۆر لە عێراق بەدوور بگرن. بەدەرکردنی عێراق لە سزا بۆ کڕینی گاز و کارەبای ئێران، زۆر بەتوندی مەرجدار دەکرێت بەوەی، دەبێت بەخێرایی هێنانی وزە هەمەجۆر بکرێت و لە ئێران دوور بخرێتەوە.[13] وردبینیی زیاتر دەکرێت لە مەسەلەکانی خۆدزینەوەی ناڕاستەوخۆ لە سزاکان – بۆ نموونە ئاڵوگۆڕە سێیینەکانی گاز کە عێراق و ئێران و تورکەمەنستان دەگرێتەوە.[14] لە سایەی ترەمپدا، ڕێی تێ دەچێت ماوەی چەند مانگێک واشینتۆن ڕازی نەبێت دەرکردنەکان درێژ بکرێنەوە، بەڵکوو مانگ بە مانگ درێژ بکرێنەوە و لە ڕێگەی کەرتی بانکی عێراقی و پەکخستنی دەستگەیشتنی بە دراوی قورس، جارجار ڕای بچڵەکێنێت. ئەمریکا دژی خواستەکانی حەشدی شەعبی دەوەستێتەوە کە دەیەوێت بارستەی ئابووریی کۆمپانیای گشتیی “موهەندیس” گەشە پێ بدات و چالاکانە بیکات بە کۆپییەکی عێراقی لە “خاتەمولئەنبیا”ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران[15]، وەک ئەوەی لە سایەی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا هەبوو.[16]

تیمی ترەمپ لە عێراق دەستبەرداری هیچ شتێک نابێت کە بتوانن لە بەرامبەردا مامەڵە لەسەر گۆڕانکاری لە ڕەفتاری عێراقییەکاندا بکەن. تیمێکی شەڕەنگێزتری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، بڵاو دەکرێتەوە؛ بە باڵیۆزێکەوە کە زۆر بەوردی دەستنیشان کراوە و لە ڕووی تاکتیکییەوە لێهاتووە و دەتوانێت بەسەنگینی و پێداگرییەوە مامەڵە لەگەڵ دانوستانکارە عێراقییەکان بکات. یەکێک لەو  ئامرازانەی لەبەردەستی ئەمریکییەکاندا هەیە و تا ئێستا بە هەموو توانایەوە بەکاریان نەهێناوە، هەواڵگریی داراییی ئەمریکایە، کە زۆر بێهاوتایە لە مەسەلەی شوێنکەوتنی ئەو سەرچاوە دارایییانەدا کە سیاسی و پیاوانی کارگوزاری عێراق لەناو عێراق و دەرەوەی عێراقدا حەشاری دەدەن.[17] ئامرازێکی دیکەیش هەیە: هەواڵگریی پەیوەندییەکان، کە وێنەیەکی جیا دەربارەی ئەوەی سیاسییەکان خۆیان لە چ ڕەوشێکدا دادەنێن سەبارەت بە دەوڵەتە بیانییەکان (وەک ئێران) و گرووپ و جەماعەتەکانی دیکە.[18]

لە ماوەی یەکەمی ترەمپدا، ئەم هەژموونە هەواڵگرییە، بە شێوەیەکی تایبەت بەکار هاتووە بۆ ئەوەی ناوبەناو سەرکردە عیرقییەکان ئاگادار بکرێنەوە کە ئاگایان لە هێڵە سوورەکانی ئەمریکا بێت، بۆ نموونە دانەمەزراندنی کۆمپانیای موهەندیسی گشتی؛ لەو کاتەدا کە میلیشیاکان بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠١٨دا هەوڵیان بۆ دا.[19] پێشبینیی ئەوەیش دەکرێت کە لە ئاییندەدا ئەمریکا ناوبەناو ئەوەی دەیزانێت بیخاتە ڕوو؛ ئەمەیش تاکتیکێکە بۆ ڕوودانی گۆڕانکاریی خێرا و پەسەند لە ڕەفتاری سەرکردە عێراقییەکاندا “لە پشتی دەرگە داخراوەکانەوە.”[20]

لەم جۆرە چالاکییەی ئەمریکاوە لە عێراق، چ کاردانەوەیەک دەکەوێتەوە؟ ئێران ئەمەی پێ خۆش نابێت، بەڵام نایشخوازێت بەئاشکرا کێبڕکێی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەوە سەلمێنرا کە ئێران دەستی وەرداوەتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی[21] و، بگرە پلانی تیرۆرکردنیشی داڕشتووە.[22] لەوانەیە کاردانەوەیەکی عێراقییانەی ناڕاستەوخۆ هەبێت، بەڵام میلیشیاکان فێر بوون کە دەبێت لە مەسەلەی هەڕەشەکردنی کەسە ئەمریکییەکان لە عێراق، وریا بن. لە ساڵی ٢٠٢٤دا و لە سەردەمی سەرۆک “جۆ بایدن”دا، ئەمریکا زەبری بەئازاری لە سەرکردەکانی ئاستی ناوەڕاستی میلیشیاکان لە بەغدا، وەشاندووە، لە ٢٤ی کانوونی دووەم، پاشان لە شوبات[23] و دواتریش لە حوزەیران – تەممووزدا[24]، کە بووە هۆی دروستکردنی ترس لە پەلاماری زیاتر. زۆر جار ئەمریکا ئەوەندەی نەدەما زەبرێک لەناو ئێراندا بوەشێنێت، وەک وەڵامدانەوەی کردەوەی ئەو میلیشیایانەی ئێران لەناو عێراقدا پشتیوانییان لێ دەکات، وەک کوشتنی سێ ئەمریکی لە بنکەی تاوەر٢٢ی ئوردن لە ٢٨ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا.[25] ڕەنگە ناوبەناو میلیشیاکان دەست لە بنکە ئەمریکییەکانی ناو عێراق بوەشێنن، بەڵام بەڕێکوپێکی یان بە هێزێکی وەهاوە نا کە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە حیساباتەکانی ئەمریکادا.

ئەگەر ئێران و میلیشیاکانی کارەکانیان چڕتر کردەوە و ئەمریکییەكانیان کوشت، ئەوە بژاردەی ئەمریکا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، لەسەر مێزەکە هەر دەمێنێت، وەك ئەوەی لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠دا ڕووی دا؛ ئەمە ئەگەر دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕوو لە هەڵکشان بوو.[26] هێشتا ئەوە ڕوون نییە کە بۆچوونەکانی ترەمپ سەبارەت بەوەی بڵاوکردنەوەی هێزەکان لە خاکی بیانیدا، بەفیڕۆدانی کات و دارایییە و مەترسیی تێدایە و هیچ سوودێکی نییە؛[27] چۆن کار دەکەنە سەر ئاییندەی پێگە ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا. ڕەنگە لە ٢٠٢٥ – ٢٠٢٦دا دابخرێن، کە وا دیارە لیژنەی سەربازیی باڵای ئەمریکا لە عێراق پێشبینیی ئەمە دەکات،[28] یان لەوانەیە بمێننەوە، وەک ئەوانەی سووریا کە ساڵانێک دوای ئەوەی لە سەرەتادا فەرمانی داخستنیان درا، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون.[29] ئەوەی زیاتر ڕوونە ئەوەیە ترەمپ بژاردەی داخستنی باڵیۆزخانەی بەغدا، ئەگەر خۆی بیەوێت، لە دەستی خۆیدا دەهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ویستی، دەتوانێت لە چەند بنکەیەکی وەک بنکەی ئەسەدی ئاسمانیی عێراقی بمێنێتەوە. ترەمپ نە بوونی باڵیۆزخانە لە عێراق و نە پابەندبوون بەو وتووێژانەی پێشوو کە لیژنەی باڵای سەربازی لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا ئەنجامی داون؛ بە پیرۆز نازانێت. ئەمانە چەند وەرەقەیەکی دانوستانکردنن لە گەمەکەدا. ڕەنگە ترەمپ کشانەوەیەکی بێسەرەوبەری وەک ئەوەی ئەفغانستانی لە سەردەمی خۆیدا نەوێت. ئەوەیش ڕوون نییە کە ئێران یان میلیشیاکان بەڕاستی دەیانەوێت ئەمریکا بەتەواوەتی لە ناوچەکە بڕوات، ئەمە ئەگەر واشینتۆن ئازادیی ئەوەی بۆ بمێنێتەوە کە بێ هیچ کۆت و پێوەندێک ڕەفتار بکات.

بژاردە ناجووڵەیییەکان کە لە عێراق هەن، کامانەن؟ ئایا عێراق دەتوانێت هەنگاو بنیت بۆ کەمکردنەوەی ڕاددەی پشتبەستن بە ئاڵووێرکردنی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی؟ نموونەکانی ئێران و ڕووسیا لێرەدا بەسوودن: تا ئێستایش دروستکردنی پەیوەندیی غەیرەدۆلاری، زەحمەتە، بە جۆرێک بتوانێت لە بواری ئابووریی جیهانیدا ئاستێکی واقعییانەی هەڵسووڕانی هەبێت؛[30] عێراقیش نایەوێت بە داشکاندنێکی گەورەوە بازرگانی بە نەوتەکەیەوە بکات، وەک ئەوەی ئێران دەیکات.[31]لە ئێستادا  مامەڵەی گەورەتری ئابووریی عێراق لەگەڵ چیندا لەگەڕدایە و ئەگەری بەردەوامبوونیشی هەیە، جا بە بوون یان نەبوونی ترەمپ بێت، بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر لە پڕۆژە ژێرخانییەكاندایە، کە زۆربەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان نایانەوێت لەوێدا کێبڕکێ بکەن، لەبەر ڕێژەی قازانج و گەندەڵی و نیگەرانییە ئەمنییەكان.[32] ڕەنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقدا، هاوکاریکردن لە پڕۆژە زەبەلاحەکانی عێراقدا ڕوو بدات، کە چەندان ساڵە ئەمە کۆتاییی پێ هێنراوە: لە بری ئەوە، ترەمپ ئەم دەرفەتە شاراوانە لە تەوەری ئەمریکا و ئیسرائیل و کەنداو و هیندستاندا دەبینێت.[33]

بێ شک ئیدارەکەی ترەمپ بۆ یاریکەرە ئەوروپییەکان، شەریکێکی سەرسەخت دەبێت. واشینتۆن هەوڵ دەدات بە ڕێگەیەکی نوێ ئەرکەکان دابەش بکات: بۆ نموونە، لە سزا ئەوروپییەکاندا دژی ئەو گرووپانەی ئەمریکا بە تیرۆریست پۆلێنی کردوون، وەک کەتیبەکانی حزبوڵڵا، هەروەها لە حوکمەکانی بنەبڕکردنی گەندەڵی و مافەکانی مرۆڤ دژی سەرپێچیکارەکان لە عێراق، لەناو تۆڕی هەڕەشەی ئێرانیدا، کە زۆریان سەردانی ئەوروپا دەکەن و لە بریتانیا موڵک و ماڵیان هەیە.[34] لە کاتێکدا کە کۆشکی سپی لە سەردەمی ئۆباما و بایدندا، زیاتر وەها دەیڕوانییە ئەوروپییەکان کە ئامڕازێکی باشن بۆ گوێزانەوەی نامەکانی ئەمریکا بۆ ئەو میلیشا عێراقییانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن،[35] بەڵام لەوانەیە تیمەکەی ترەمپ پێی وا نەبێت ئەم میکانیزمە شایەنی گرنگیپێدان بێت. واشینتۆن دەتوانێت بەئاسانی و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حکوومەتی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، محەمەد شیاع سوودانی، کە چەندان لایەنی کارا پشتیوانیی لێ دەکەن، وەک عەسائیبی ئەهلی هەق و بەدر و کەتیبەکانی حزبوڵڵا، داواكارییەكانی بگەیەنێتە عێراق. باڵیۆزی نوێش لە عێراق دەستکراوە دەکرێت بۆ ئەوەی بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە دەربارەی چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا لە عێراق قسە بکات.

ئەگەر کەسێک هەبێت لە عێراق بە گەڕانەوەی ترەمپ خۆشحاڵ بێت، ئەوە کوردە عێراقییەکانن، بە شێوەیەکی تایبەتی ماڵباتی بارزانی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە دەبەن؛ ئەوەی لەم دوایییانەدا زۆرینەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بردەوە، کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دا ساز کرا.[36]  پەیوەندیی بەتینی نێوان بارزانی و پارتی کۆماری لە کۆنگرێس، تەنانەت بۆ چاودێرەکانی سوودانییش جێگەی سەرسوڕمان بوو.[37] بەڵام ترەمپ، لە ئاییندەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی وەک تورکیادا، ناخاتە مەترسییەوە لە خزمەتی ئەجێندای سەربەخۆییی کوردستاندا، بەڵام ڕەنگە ئەمریکا لە مەسەلەی هەناردەکردنی نەوتی کورد و دابەشکردنی داهاتەکەی لە نێوان بەغدا و کوردستاندا، لایەنی کوردستان بگرێت و بوونی سەربازیی ئەمریکا لە کوردستان بەردەوام بێت. نامەکانی ئەم دوایییەی کۆنگرێسی ئەمریکا – هەندێکیان مایک واڵتز، ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانی واژۆی کردوون – ئاماژەن بۆ قووڵاییی پابەندبوونی کۆماریی بەردەوام بە هەرێمی کوردستانەوە.[38]

ڕەنگە تێگەیشتنی بایدن لە پەیوەندیی ئیدارەدان “٣٦٠ پلە لەگەڵ عێراقدا بسووڕێتەوە[39] کە گرنگیی کاریگەریی ئێرانیی بەکەم گرتبوو، کە خۆی زۆر ناجێگیرە. لە داهاتوودا، ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوە، بە چاویلکەی کاریگەریی ئێران دەڕوانێتە عێراق و، بەپێی مەیلی ئاشکرای سەرکردە و دامەزراوەکان بۆ ئێران یان دوورکەوتنەوەیان لێی، حوکمیان بەسەردا دەدات. هیچ سەرۆکوەزیرانێکی عێراق، بەتایبەتی محەمەد شیاع سوودانی، کە میلیشیاکان پشتیوانیی لێ دەکەن، پشتیوانییەکی ڕەهای واشینتۆنی نابێت.

لە جیاتی ئەوە، گومان لە هەر سەرۆکوەزیرانێکی عێراقی دەکرێت و بە چاوی مامەڵەکردنەوە سەیری دەکرێت. تەنیا بە دوورکەوتنەوەی عێراق لە ئێرانەوەیە، کە بتوانرێت بەغدا بەرەو واشینتۆن کێش بکرێت و مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا بکرێت، جیاواز لەوەی لەگەڵ میحوەری بەرەنگاریدا دەکرێت؛ وەک لوبنان کە حزبوڵڵا باڵی بەسەردا کێشاوە، یەمەن کە حووسییەکان تێیدا خاوەنی هەژموونن، هەروەها چەند بەشێکی سووریاش. ئایا هێشتا چەند سێبەرێکی خۆڵەمێشی هەر دەمێنن؟ بێ گومان: ئەمە عێراقە و هێشتا لە نێوان ئێران و ئەمریکادا گەمارۆ دراوە. بەڵام نابێت کەس گومان لەوە بکات کە بردنەوەی ترەمپ ئەنجامێکە کە زۆرێک لەوانەی لایەنگیری میلیشیا عێراقییەکانن، لە هەر شتێکی دیکە زیاتر سڵی لێ دەکەنەوە: ئەمە گەمەیەکی ئەنجام نزیکە سفرییە؛ بە جۆرێک دەبێت عێراق لە نێوان ئەو میلیشیایانەدا کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکات و دامەزراوەی ئەمریکیی تۆڵەسێندا، کە پێی وایە عێراق تا ڕاددەیەکی زۆر لە بەردەمی ئێراندا دۆڕاندوویەتی، یەكێكیان هەڵبژێرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP