هەرێم نیوز
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانكردوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل بە سەردانێكی نهێنی لە توركیایە بۆ تاوتوێكردنی ئازادكردنی بارمتەکانی لای حـ.ـەماس ، بەرپرسێكی ئیسرائیلیش دەڵیت، "تورکیا نێوەندگیر نیە، بەڵکو ڕۆڵی فشارخستنە سەر بزوتنەوەی حـ.ـەماس دەبینیێت".
ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەحرۆنۆت-ی ئیسرائیلی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، ڕۆنێن بار سەرۆکی شین بێت، سەردانێکی نهێنی بۆ تورکیا ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی بارمتەگرتن لە کەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەوەی قەتەر لە ڕۆڵی خۆی وەک نێوەندگیری پاشەکشەی کرد، تورکیا لە هەوڵدایە بۆ ڕێككەوتنی ئازادكردنی بارمتەكات لە غەززە، میسریش بە تەنیا ماوەتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ڕۆنێن بار لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، ئیبراهیم کالین کۆبوەتەوە، لەکاتێکدا میدیاکان هەواڵی دەرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر و ڕۆشتنیان بۆ تورکیا، بڵاوكردەوە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندوە، "تورکیا وەک نێوەندگیرێک لە دانوستانەکانی ئازادكردنی بارمتەکاندا مامەڵە ناکات، بەڵکو ڕۆڵی فشارخستنە سەر بزوتنەوەی حەماس دەبینێت".
ئاژانس فرانس پرێس پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بڵاویکردەوە، قەتەر لە ڕۆڵی ناوبژیوانی سەرەکی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لەوێن، کشایەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، "قەتەر حەماسی ئاگادارکردوەتەوە کە نوسینگەکەی لە دەوحە، چیتر خزمەت بە ئامانجەکەی ناکات"، بەڵام سەرکردەیەکی بزوتنەوەی حەماس پشتڕاستی کردوەتەوە کە "بزوتنەوەکە هیچ داواکارییەک بۆ جێهێشتنی قەتەر و داخستنی نوسینگەکەی لە دۆحە پێنەگەیشتوە" .
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا پێشتر ڕەتیکردبوەوە کە نوسینگە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ تورکیا بگوازێتەوە و ئاماژەی بەوەدا، "ئەندامانی بزوتنەوەکە لە چوارچێوەی سەردانەكاندا چونەتە ئەوێ، کە جارجارە ڕودەدەن".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەندامانی باڵی سیاسی بزوتنەوەی حەماس جارجارە سەردانی تورکیە دەکەن و ئەوەی باس لە گواستنەوەی نوسینگەکانی حەماس بۆ تورکیە دەکرێت، ڕاست نیە".
ئەوە لەكاتێكدایە ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هەواڵەکانی گواستنەوەی سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس بۆ تورکیا وتی، "واشنتن بە ڕونی بە حکومەتی تورکیا دەڵێت، کە ناتوانرێت کارەکان وەکو جاران لەگەڵ حەماس بەردەوام بن و ئێمە پێمان وایە سەرکردەکانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نابێت لە هیچ شوێنێک بە ئاسودەیی بژین و بە دڵنیاییەوە ئەمەش یەکێک لە هاوپەیمان و هاوبەشە سەرەکییەکانمان دەگرێتەوە".