هەرێم نیوز
دوای ئەوەی نووسینگەی مەکتەب سیاسی حەماس لە قەتەر داخرا و دەنگۆی گواستنەوەی بۆ تورکیا هەبوو، ئەمریکا لەوبارەیەوە هۆشداریی دەداتە ئەنقەرە.
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەواندا ڕایگەیاند، "لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ئەو زانیارییانەمان پێگەیشتوە کە دەڵێت سەركردەكانی حەماس ڕویان لە تورکیا کردوە، ئێمە پێمان خۆشە بە ڕونی بە حکومەتی تورکیا بڵێین، چیتر ناتوانرێت لەگەڵ حەماس مامەڵە بکرێت وەک ئەوەی هیچ ڕوی نەدابێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە باوەڕمان بەوە نییە کە سەرکردەکانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی خراپەکار لە هەر شوێنێکدا بیانەوێت بە ئاسودەیی بژین و نابێت هیچ وڵاتێك پێشوازیان لێ بكات، چ جای لە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ، هەروەها داوای ڕادەستکردنەوەیان بە ئەمریکا دەكەین".
تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە حەماس نووسینگەی خۆی گواستبێتەوە بۆ تورکیا، بەڵام لەوبارەیەوە میلەر گووتی 'ئەمە شتێکە نابێت ئینکاری لێبکەین'.
ئەوە لەكاتێكدایە، نوسینگەی سیاسی بزوتنەوەی حەماس زیاتر لە 10 ساڵە لە قەتەر كراوەتەوە و بەرپرسانی ئەو حزبە لەوێن، لەنێویاندا ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی پێشوی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكە لە دەوحە دەژیا، پێش ئەوەی لە تاران تیرۆر بكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا قەتەر بەمدواییانە لە هەوڵەكانی نێوەند گیری ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس كشایەوە و ڕاگرتنی هەوڵەكانی ڕاگرت، كە بۆ ماوەی چەند مانگێک لەگەڵ ئەمریکا و میسردا لە هەوڵدا بون بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.