هەرێم نیوز
ئیسرائیل داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكات فشاربخاتە سەر حكومەتی عیراق بۆ دانانی سنورێك بۆ ئەو هێرشانەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عیراقەوە دەیكەنە سەری.
گیدون سعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە لە پەرەی تایبەتی "X"بڵاویكردەوە، داوام لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ دڵنیابون لەوەی حکومەتی عێراق ڕێز لە پابەندبونەکانی خۆی بگرێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕاگرتنی ئەم هێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، نابێت حکومەتی عێراق رێگەبدات خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل بەکاربهێنرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتن و ڕێگریکردن لەو هێرشانە.
لە پاش دەستپێکردنی جەنگی لوبنان لە 23ی ئەیلولی ئەمساڵ، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەتایبەتیش مقاوەمەی ئیسلامی، لە رێگەی درۆنەوە چەندین جار هێرشیانکردووەتەسەر ئیسرائیل و لە کۆبوونەوەی گشتیی رۆژی 27ی ئەیلولی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوو نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پیشانی بەشداربووانی کۆبوونەوەکەدا، کە تیایدا عێراقی خستبووە ریزی ئەو وڵاتانەی دەبێت هەڵوێستی خۆیان لەنێوان خێر و شەڕدا یەکلایی بکەنەوە.