دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

پێگەی نێچیرڤان بارزانی لەکابینەی داهاتووی هەرێمدا‎

 هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ساڵانێکە سەنگ و پێگەی خۆی چ لە ناوخۆ و چ لە وڵاتانی دەرەوەدا پتەو کردووە، بەجۆرێک کۆدەنگییەکی گشتی دروستکردووە، بەوەی جگە لە خۆی پێناچێت هیچ کەسێکی دیکە بتوانێت ئەو پێگە گرنگەی بەوجۆرە شایستانە لە خزمەتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت.

نێچیرڤان بارزانی لە حکومەتی داهاتوودا

‎بۆ حکومەتی داهاتوو و ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەو حکومەتەدا، بەڕای زۆرێک لە شرۆڤەکاران، کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کردەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، هیچ کەسێکی دیکە نییە بتوانێت بەئەندازەی ئەو، توانا و لێهاتوویی لەو پۆستەدا هەبێت. لەناوخۆدا چەترێکە بۆ سەرجەم لایەنەکان، لەدەرەوەشدا کەسایەتییەکە بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان، لە ئاڵنگاری و گرژییە دەرەکییەکان.

‎یار و نەیار کۆکن لەسەر ئەوەی، نێچیرڤان بارزانی کەسێکە دیپلۆماسییانە و زیرەکانە کاری کردووە، بۆ پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و، بەکارهێنانی هێز و توانای خۆی لەبەرامبەر وڵاتانی دەرەوەدا، لەبری ئەوەی گرژی و ناکۆکییەکان خراپتر بکات، ئەو هەمیشە بەهۆی ئەوەی دەستێکی باڵای هەبووە لە دیپلۆماسییەتدا، بەوریاییەوە مامەڵەی کردووە و گرژی و نەهامەتی لە هەرێم دوورخستووەتەوە.

‎عێراق، ئێران، تورکیا و وڵاتانی دیکەش، دەکرێت ببنە هێزێک دژ بەهەرێمی کوردستان کاربکەن و گورزی لێدەن، بەڵام بەهۆی حیکمەتی نێچیرڤان بارزانییەوە، هەمیشە هەرێمی لە ململانێ دەرەکییەکان دوورخستووەتەوە و توانیویەتی کوردستان بپارێزێت لە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەرەکی. بێگومان ئەمەش بووەتە بەڵگەی یەکلاکەرەوە لە گرنگیی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی هەستیاری سەرۆکی هەرێم.

حکومەتی داهاتوو لە دیدگای نێچیرڤان بارزانییەوە

‎نێچیرڤان بارزانی له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی چواره‌می پێگه‌یاندنی ئه‌فسه‌راندا له‌ كۆلێژی سه‌ربازیی قه‌ڵاچوالان، داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندی نیشتیمانی لەسەروو هەموو شتێکەوە دابنێن، گفتوگۆی بەهێز بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکەن، حکومەتێک کە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی بێت.

‎سەرۆکی هەرێم بۆ چارەسەری کێشەی هەرێم لەگەڵ بەغداد، داوای کرد ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دەستور بکرێت، ئاڵنگاری دەرەکی لەپێشە و دەبێت عێراق عێراقی هەموو لایەنەکان بێت و بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە. دەبێت سەرجەم لایەنەکان هەست بکەن بەشدار و هاوبەشی حکومەتی عێراقن. 

‎كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیريی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى دەکه‌ن. نێچیرڤان بارزانی باوەڕی وایە، هەرێمی کوردستان و عێراق دووربخرێنەوە لە ململانێ و کێشە هەرێمییەکان. عێراق پێویستی بە ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوامە، نەک تەنگژە و ناکۆکی و ململانێى زياتر.

‎پرسی پێشمەرگەش لە بابەتە گرنگەکانی نێچیرڤان بارزانییە کە کاری لەسەر بکات، ئەو وەک خۆی دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان باوەڕێکی قووڵ و پتەومان هەیە کە پێشمه‌رگه‌ و هێزە چەکدارەکانمان، دەبێت و پێویسته‌ دامەزراوەیەکی نیشتمانی و پیشەیيی سەربەخۆ بن. دوور بن لە هەموو جۆرە ناكۆكى و ململانێی سیاسی و حزبی. ئەم هێزانە، ده‌بێ سەر بە نیشتمان و سه‌ر به‌ گەلی کوردستان بن، بە هەموو پێکهاتە جیاوازه‌كانی كوردستانه‌وه‌.

‎نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغداد، هاوکات چارەسەرکردنی گرژییەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران. جیا لەوەی لە وڵاتانی ڕۆژئاواش پێگەیەکی گرنگی هەیە و توانیویەتی پێگەی کوردستان بەهێزتر بکات. ئەمانە وایکردووە سەرجەم لایەنەکان بەکەسێکی بێ ڕکابەری بزانن بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەنانەت هەندێ چاودێری سیاسی پێیان وایە ئەو لایەنانەی کەبەشداری حکومەتی داهاتووش دەکەن لەسەروی هەموویانەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەک پێویست نییە داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم بکەن، بەڵکو پێویستە ئەوانیش بڵێن نێچیرڤان بارزانی نوێنەری ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم.

 

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP