دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

مالیکى خوازیارى هەڵبژاردنى پێشوەختەیە لە عێراق

هەرێم نیوز

 سەرچاوە سیاسى و پەرلەمانییە عێراقییەکانى نێو هاوپەیمانى فەرمانڕەوا لەسەروو هەموویانەوە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانى پێشووتری عێراق،  هەنگاو بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەنێن، و زۆرینەش پێیانوایە لە ناوەڕاستى ساڵی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، لەبری مانگی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ – واتە بەرنامەیان هەیە شەش مانگ پێشى بخەن- ئەوە لەکاتێکدا کار بۆ هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن بۆ ئەوەى رێگە بۆ هەڵبژاردن بکرێتەوە.

فراونبوونى ناکۆییەکانى نێوان مالیکی و سودانى 

ئەندامێکى دیارى پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى عەرەبى جەدیدی راگەیاندووە ئەو رێککەوتنانەى لەنێوان سەرۆکی تازە هەڵبژێردراو- مەحموود مەشهەدانى- و هێزە سیاسییەکانى نزیک لە مالیکی  -سەرۆکوەزیرانى پێشووتر- لەگەڵ حیزبی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسى لە سەرکارلادراوى سوننە مەزهەب، لایەنگری ئەوەن کە هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجامبدرێت پێش کۆتایی ساڵی داهاتوو.

ئەندام پەرلەمانێکى چوارچێوەى هەماهەنگیش کە نەیویست ناوى ئاشکرابکرێت، نورى مالیکی لەریزبەندی یەکەمى ئەوانەدایە کە خوازیاری هەڵبژاردنى پێشوەختەن، لەگەڵ ئەوەشدا تادێت ناکۆکییەکانى لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى زیاتر دەکەن و رەتى هەموو ئەو هەوڵانەشى کردووەتەوە کە دەدرێت بۆ کەمکردنەوەى بۆشاییەکانى نێوانیان بەتایبەتى لەدواى ئەو کارە ئابرووبەرانەى کە گوایە لەنێو نوسینگەى تایبەتی ئەودا ئامێری گوێگرتن و دزەپێکردنى نهێنى بڵاوکراوەتەوە و گوێگرتن لە بەرپرسان و پەرلەمانتاران و کەس و کاریانەوە بووەتە یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکان..

 ناکۆکی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت

سەرچاوەیەکى سیاسیش لە بەغدادەوە بە – عەرەبی جەدید- ى راگەیاندووە، مەحموود مەشهەدانى سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوى پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانى نێوپەرلەمان دەیانەوێت یاساى هەڵبژاردن بخەنە لیستى یاسا هەموارکراوەکانەوە بۆ ئەوەى رێگە خۆشبکەن بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دواى ئەوەى لە نیوەى ساڵی داهاتووى 2025 دا ئەنجام بدرێت، ئاشکراشیکردووە ئەو خواستە پێچەوانە دەکەوێتەوە لەگەڵ ئەجێنداى بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە نێوچوارچێوەى هەماهەنگیدا و پێیان وایە دەبێت رەچاوە بارودۆخی ناوچەکە بکرێت و ئاگاشیان لە گۆڕانکارییەکان بێت و دەبێت بزانن کە عێراق پێویستى بە هێوربوونەوەیەى سیاسی هەیە.

ژمارەی کورسییەکانى پەرلەمان زیاد دەبێت؟

جێگەى وەبیرهێنانەوەیە لە کۆتایی مانگی ئازاری 2023 دا هەندێک بڕگەى هەموارکرایەوە و گۆڕانکاریی ریشەیی تێدا هێنایە پێشەوە، یاساى سانتلگۆی هێنایەو پێشەوە و هەر پارێزگایەکى کردە بازنەیەک و بووە 18 بازنەى هەڵبژاردن کە پێشتر لە 83 بازنەى بچوک پێکهاتبوو،  بەڵام هێزە سیاسییەکان توانییان پێش سەری ساڵی رابوردوو بگەنە ئەو بڕوایەى دەبێت گۆڕانکارییان تێدابکرێت و پێدەچێت ئەو هەڵبژاردنەى کە لە 20 و 21ـى مانگی تشرینى دووەمى 2024 بەڕێوەچوو کاریگەریی لەسەر دابەشکردنى کاندیدەکان بکات و بەرزببێتەوە بۆ 430 ئەندام لەبەر ئەوەى بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردن هەموو 100 هەزارێک لە هاووڵتیانى عێراقى دەبێت نوێنەرێکیان هەبێت.

مالیکی لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند کە کێشەى یاساى هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق بووەتە رۆژەڤی کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە مانگی کانوونى دووەمی داهاتوودا کارەکانى تەواودەکات، ئەگەر گۆڕانکارییشیان بەسەردا بێت دەبێت ئەندامانی نوێ کارەکانیان تەواوبکەن.

لەوانەیە رەوتى سەدر بگەڕێنەوە گۆڕەپانى سیاسی

سائیر جەبوری ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستى -دەوڵەتى یاسا- رایگەیاند هەڵبژاردنى پێشوەختە بژاردەیەکى سیاسی، یان بابەتێکى کاتى نییە، بەڵکو یەکێکە لە کارەکانى دەوڵەتەکەى سودانى و دەبێت پابەندبێت بە بەڵێنەکەیەوە، هەربۆیە دەبێت حکومەت ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی، راشیگەیاندووە لایەنە سیاسییەکانیش پشتیوانى ئەو پرۆسەیە دەکەن، بەتایبەتى لەکاتێکدا وڵات بە کۆمەڵێک کێشەى قوڵدا تێدەپەڕێت و پێدەچێت ئەوەش ببێتە دەروازەیەک بۆ گەڕانەوەى رەوتى سەدر بۆ گۆڕەپانى سیاسی .

 هەڵبژاردنى پێشوەختە یەکێک لە بەڵێنەکانى سودانى

عەلاء مستەفا شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە ، مالیکی دەیەوێت ئەو بەڵێنەى کە سودانى داویەتى بیکاتە یەکێک لە ئەرکەکانى پەرلەمان و دەنگی لەسەربدات، دەبێت پەرلەمان ببێتە لێپێچەرەوەى ئەو بەڵێنە و لەسەرجەم بڕگەکانى بکۆڵرێتەوە، ئەگەر هەرەخاڵێکى جێبەجێ نەکرد سەرۆکوەزیران بانگهێشت بکات و لێکۆڵێنەوەى لەگەڵدا بکات، مستەفا بە عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە مالیکی وەک گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى شیعەکان خوازیاری ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەیە و جەخت دەکاتەوە کە هەموو حیزبەکانى نێوچوارچێوەى هەماهەنگی پشتیوانى ئەم بۆچوونەی دەکەن.

 بەڵێنەکانى سودانى وەک وەبیرهێناوەیەک

بەرنامەى کارى کابینەکەى سودانى کە لە 27ـى ئۆکتۆبەرى 2022 لە لایەن پەرلەمانەوە دەنگى لەسەردراوە، بریتین لە : 

هەموارکردنەوەى یاساى پەرلەمان و پەیڕەوى ناوخۆکەى لە ماوەى سێ مانگدا، هەلبژاردنى پێشوەختە لەماوە ساڵێکدا، پابەندبوونى حکومەتەکەى بە کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، بە دیاریکردنی بودجەی تایبەت لەگەڵ هێورکردنەوەی بارودۆخی ئاسایشی وڵات کە گونجاو بێت لەگەڵ هەڵبژاردن و کاریگەریی نەبێت لەسەر خاوێنى پرۆسەکە.

ئایا هەڵبژاردنى پێشوەختە فریاى حکومەتەکەى سودانى دەکەوێت؟

ئەنساری راشیگەیاندووە، ئەو کاتەى لەبەردەستدا ماوە فریاى حکومەتەکەى سودانى ناکەوێت و ناتوانێت لەبەردەم ناکۆکییە سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابورییەکان بکەوێت و نەهێڵێت جەنگە هەرێمایەتیەکان کاریگەریی لەسەر عێراق دروست نەکات، بەڵام هەندێک پێیان وایە سودانى و کارە حکومییەکانى بەسن بۆ ئەوەى زامنى خولێکى دیکە بکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP