هەرێم نیوز
سەرماوسۆڵە و بەفربارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشووتر زیاتر دەبن و هاوكات پێشبینیش دەکرێت بەفر لە ناو سەنتەری بەشێكی زۆر لە شارەكان ببارێت.
شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی بڵاویكردەوە، سەرماوسۆڵە و بەفربارین ئەمساڵ زیاتر دەبێت و زووتر دەست پێ دەکات، پێشبینی دەکەین لە مەودای کۆتایی ئەم مانگە و مانگی دوانزە، یەک تا بەشێکی مانگی دوویش چەندان شەپۆلی سەرماوسۆڵەی توند ناوچەکانمان بگرنەوە.
دەشڵێت، بەشێکی سەرمایەکان بەشێوەی وشکەسەرما دەبن و دادەبەزنە ناوچەکانمان، هەندێكجار ڕەشەباشیان لەگەڵە و هەندێکجاریش بەفربارینی بەرفراوانیان لەگەڵە هەر لەو مەودایەشدا ئەگەری بەفربارین هەیە بۆ تەواوی ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانە و گوند و شار و شارۆكانەی كە کەوتونەتە نزیک شاخەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە کاریگەریی کەمتر بەفربارین دەگاتە ناوچه گەرمەکان و دەشتاییەكانی خۆرئاوا بەتایبەتی و بەگشتی ئەمساڵ زستانی ساردتر دەبێت لەچاو چەندان ساڵی پێشتر و ئەگەری بەفریش لە پار و پێرار زیاتر دەبێ بەپێی لێکدانەوەکانمان.
لەبارەی كەشی هەفتەی داهاتوو دەڵێت، له ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووە سەرماوسۆڵەی توندی زستانیی بەرفراوان تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە و بەفر بارینیش زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەنتەرەکانیان.