دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

دەوڵەتى یاسا: ئەمریکا رێگرە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق

هەرێم نیوز

هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا ئاشکرایکرد کە فشارەکانى ئەمەریکا هۆکارن بۆئەوەى ئیسرائیل هێرش نەکاتە سەر عێراق ووتیشی: هەر هێرشێک کاریگەریی راستەوخۆى لەسەر پەیوەندییەکانى بەغداد و وانشتۆن دەبێت.

سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، گوشارەكانی ئەمریكا لەسەر ئیسرائیل رێگرن لە هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر عێراق.

سەعد مەتڵەبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكدا وتی، تاوەكو ئێستا ئیسرائیل هیچ هێرشێكی بۆ سەر عێراق ئەنجام نەداوە لە وەڵامی هێرشی گروپە چەكدارەكانی عێراق ناسراو بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق.

ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە هەر هێرشێکى ئیسرائیل بۆسەر عێراق پەیوەندیی و کاریگەریی راستەوخۆى لەسەر پەیوەندییەکانى عێراق و واشنتۆن دەبێت.

مەتڵەبى ئەوەى خستوەتەڕو کە هۆکارى بێدەنگى ئیسرائیل بەرامبەر عێراق ئەو فشارانەیە کە ئەمەریکا خستویەتییەسەرى و رێگەى نادات هیچ هێرشێک بکات و ترسى لە گرژبونى پەیوەندییەکانى نێوانمان هەیە.

جەختیشیکردوەتەوە کە لەنێوان عێراق و ئەمەریکا رێککەوتنى هاوبەشى ئەمنیی هەیە و هەر ئەوەش هۆکارى ئەو فشارانەیە کە لەسەر ئیسرائیل دروستیکردوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە گروپە چەكدارەكانی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ماوەی چەند مانگێكە بە درۆن و موشەك هێرش دەكەنە سەر پێگەكانی ئیسرائیل.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP