هەرێم نیوز
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ پشتیوانیكردنی سەرژمێری گشتی، تا هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی رادەگرێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پشتیوانی لە بەڕێوەچونی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان 2024 لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا دەکات.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە پەرلەمانتاران دەکات كە هانی هاوڵاتییان بدەن بۆ ئەوەی هاوکاری تیمە مەیدانییەکانی وەزارەتی پلاندانان بن، بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە، كە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاندووە، لە پێناو سەرخستنی ئەنجامدانی سەرژمێری، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریداوە تا هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكان رابگرێت بۆئەوەی پەرلەمانتاران بتوانن بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاكانیان.
ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیارە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان لە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە بچێت، هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچونی پرۆسەکە قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت لە سەرتاسەری وڵات و تەنانەت لە نێوان قەزا و ناحیەكانیش.