هەرێم نیوز
شیرین فواد مەعسوم رایگەیاند، لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکرێت دژایەتی حکومەتی هەڵبژێردراوی خۆی بکا، ئەگەریش وا بکەن مێژوو و دەنگدانی داهاتوو، هاووڵاتیان بەدڵنیاییەوە ڕەحمیان پێ ناکەن و بەر سزای گەل دەکەون.
شیرین فواد مەعسوم، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،" دەمەوێت ئەو پرسیار ئیدی یەکلا ببێتەوە، ئەوەندەی پارتی هەل و دەرفەتی هەیە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت نەک یەکێتی، هەموو حزبەکان پێکەوەش ناتوانن حکومەت دروست بکەن بەبێ پارتی، ئەمەش ڕوونە و پێویستی بە حاسیبە و بیرکاری نییە، ئەوە ژمارەکانن قسە دەکەن و بەڕوونی دیارە."
وتیشی،" نەک بەبێ یەکێتی، پارتی دیمکراتی کوردستان نایەوێت بەبێ هیچ حزب و لایەنێک حکومەتێک دروست بکا نیشتمانی نەبێت یان لایەنێک فەرامۆش بکرێت، پارتیمان دەیەوێت بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکان حکومەتێک دروست بکات لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی، یەک پەرلەمان یەک حکومەت یەک دەستوور و یەک هێزی پێشمەرگەی هەبێ، خەمی ئێمە خەمی داهاتووی گەل و خاکه، خەمی پۆست و پلە و یاری حزبایەتی نییە."
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی مانگی یانزەی 2024، بەسەردانێکی فەرمی گەشتە هەرێمی کوردستان و دەستی بەگفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، یەکێک لە ئامانجەکانی لەگەڵ لایەنەکان بە پەلە پێکهێنانی" حکومەتێکی بنکە فراوانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم."
بڕیارە لە دوای یەکلابوونەوەی ئەو تانانەی کە لەلایەنەکان داویانە لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 20ی مانگی یانزەی 2024 کۆمسیۆن یەکلایان دەکاتەوە، دوا بەدوای ئەوەش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە ڕادەسپێرێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
شیرین فواد مەعسوم، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاشیگەیاند،"تاکو تانەکان لە کۆمسیۆن تۆمار کراون تەواو نەبن و یەکلا نەکرێنەوە، ئەوە هیچ حزب و لایەنێک ناتوانێت دەست بە گفتوگۆ و دانووستان بکات، تانەکانیش 20 مانگ دوا وادەیە و دوای ئەو کاتە شتەکان ڕوونتر دەبنەوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامە و پاکێجی تایبەتی هەیە و خۆی ئامادە کردووە بۆ دانووستان و پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی."
وتیشی،" پارتیمان ڤیتۆی لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگای واڵایە بۆ هەموو حزبە سیاسیەکانی هەرێم، چونکە پارتی وەک حزبەکانی تر لە کەشوهەوای بانگەشەی هەڵبژاردن نەماوەتەوە."
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پارتی ڕەخنەی ئەوەی لە یەکێتی هەبوو کە لە حکومەتدایە، کەچی دژایەتی کارەکانی حکومەت دەکات و بەربەست بۆ بڕیارەکانی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست دەکات.
شیرین فواد مەعسوم، کچی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد،"کام ئۆپۆزسیۆن، ئەوەی خەڵک سزای دان و ژمارەی کورسییەکانیان نەما؟ یان ئەو ئۆپۆزسیۆنەی لەناو حکومەت بوون و جێگری سەرۆک وەزیرانیان بوو و ئامادەنەبوون پۆستەکانیان جێ بهێڵن."
وتیشی،"پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی جەنابی کاک مەسروور بارزانی ئەوەی بەڵێنی دابوو لە کابینەی نۆ بە هاووڵاتیان جێبەجێیکرد، لە کابینەی دەیەمیش که هەر ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، ئەو بەڵێنانەی لە بانگەشە دابووی دەیەوێت بەکردار بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێی بکا، لە هیچ کەس و لایەنێکیش قبوڵ ناکات هاوڕێی ڕۆژ و دوژمنی شەو بێ، هەمووان دەبێ خەمی خاک و گەل و نیشتمان به هی خۆیان بزانن و پیاوی دەوڵەتداری بن."
ئاماژەی بەوەش کردوە،" ئێمە لە پارتی چونکە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان لەسەر شانە، دەمانەوێت لەم گۆڕانکارییە نوێیە خێرایە کتوپڕەی بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، ناوماڵی کورد ڕێک بخەینەوە و هەرێمێکی بە هێزی یەکگرتووی نیشتمانی دروست بکەین، هەموو ئەو بیرۆکە و ڕاسپاردانە لەژێر ڕێنمایی و ڕێنوێی جەنابی سەرۆک بارزانییە."
وتیشی،" لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکرێت دژایەتی حکومەتی هەڵبژێردراوی خۆی بکا، ئەگەریش وا بکەن مێژوو و دەنگدانی داهاتوو، هاووڵاتیان بەدڵنیاییەوە ڕەحمیان پێ ناکەن و بەر سزای گەل دەکەون."
بەپێی دواین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکرد، پارتی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم، خاوەنی 39 کورسی و 812 هەزار و 794 دەنگە و براوەی یەکەمی پەرلەمانە، پێشووتریش ڕایگەیاندبوو کە مەسرور بارزانی دەیەوێت بکاتەوە بە سەرۆکوەزیران.