هەرێم نیوز
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 7 هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، دەشڵێت، “لە دابەشکردنی زەوی بەردەوامدەبین”.
زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆی ئەو 7 هەزار فەرمانبەرەی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، هەزار و 700 فەرمانبەریان زەوییان وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تاوەکو ئێستا ناوی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی کارەبا و کار و کاروباری کۆمەڵایەتییان بۆ گەڕاوەتەوە و بڕیارە زەوییان بەسەردا دابەشبکرێت.
ئاشكراشی كردووە، لە سنووری پارێزگاکە 25 هەزار پارچە زەوی ئیفرازکراوە و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن، زەوییەکان لە هەر سێ ناوچەی (تانجەرۆ، سۆتکە و تاسڵوجە)ن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 16ی مانگی ڕابردووە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و یەکەم جار ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی ڕاگەیاند.
ڕووبەری ئەو زەوییەی بە هەر فەرمانبەرێک دەدرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنیشی بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی و ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون دەبێت.