هەرێم نیوز
ژینا مودەریس گورج، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و مافی ژنان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی لە لایەن دادگای سنەوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ژینا مودەریس گورج دەڵێت، "لە لایەن لقی ٤ـی جێبەجێکاری سزای کەیفەرییەکانی سنە بەڵگەیەکم بە دەست گەیشتووە، کە دەبێت ڕۆژی شەمەی داهاتوو خۆم ڕادەستی زیندانی ژنانی سنە بکەم بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەم" .
ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپێکی نایاسایی و پڕوپاگەندە کردن دژی حکومەت سزای ١٦ مانگ زیندانیم بەسەردا سەپێندراوە" .
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ژینا مودەرێس گۆرجی ژنە ڕۆژنامەننوسی کورد و چالاکوانی مافەکانی ژنان لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە ٢١ ساڵ زیندانیی کردن بەسەردا سەپێندرا و دواتر سزاکەی لەلایەن لقی ٤ـی دادگای سنە بۆ ٢٦ مانگ زیندانی گۆڕدرا، بەپێی مادەی ١٣٤، سزاکەی بۆ ١٦ مانگ زیندانی کەمتر کرایەوە.