دواین هەواڵ

کوردستان‌

 30/10/2024

نێچیرڤان بارزانی: به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگ بوو

هەرێم نیوز 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/10/30  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌موو ئه‌و تيمانه‌ى كۆمسيۆن كرد كه‌ سه‌رپه‌رشتيى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانيان كرد و سه‌ركه‌وتووانه‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدانيان به‌ڕێوه‌ برد.

ئەوەش هاتووە، نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ ئه‌رك و كارى كۆمسيۆن و بۆ پشتيوانى و هاريكاريى سه‌رۆك وه‌زيرانى فيدراڵ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ستايشى خزمه‌ت و ماندووبوونيانى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا كرد. هه‌روه‌ها داكۆكیى له‌وه‌‌ كرده‌وه‌‌ كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگ بوو.

 ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا،  سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامى ڕۆڵ و په‌رۆشى و دڵسۆزى و هاريكاريى كۆمسيۆن بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش، به‌گه‌رمى ده‌‌ستخۆشیى لێ كردن و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لاى خۆيانه‌وه‌ كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پيرۆزباييى سه‌ركه‌و‌تنى هه‌ڵبژاردنيان له‌ نێچيرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستان كرد و ستايشى ته‌واوى پرۆسه‌كه‌يان كرد، كه‌ هه‌ر له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدان، پرۆسه‌يه‌كى سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ شێوه‌يه‌ك کە جارى يه‌كه‌مه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هيچ تانه‌يه‌كى سوور له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تۆمار ناكرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمجامی كۆتایی دەنگدانی ڕاگەیاند  و وتی، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نمونەی بوو، هەروەها بە پێوەرە نێوەدەوڵەتیەكان بەڕێوەچوو".

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیە بوو:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 812 هەزار و 794 دەنگ: 39 کورسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 409 هەزار و 548 کورسی: 23 کورسی

نەوەی نوێ: 292 هەزار و 32 دەنگ (15 کورسی)

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 117 هەزار و 444 دەنگ (7 کورسی)

کۆمەڵی دادگەری: 64 هەزار و 874 دەنگ (3 کورسی)

ڕەوتی هەڵوێست: 56 هەزار و هەشت دەنگ (4 کورسی)

بەرەی گەل: 33 هەزار و 466 دەنگ (2 کورسی)

بزووتنەوەی گۆڕان: 11 هەزار و 641 دەنگ (1 کورسی)

هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 13 هەزار و 254 دەنگ (1 کورسی)

ناوی کاندیدانی سەرکەوتوو بۆ پێنج کورسی کۆتا (4 پیاو و 1 ژن)

1-ڕامی نووری - کریستیان لە هەولێر 6 هەزار و 753 دەنگ

2-مونا قەهوەچی - تورکمان لە هەولێر 3 هەزار و 666 دەنگ

3- نەجدەت نووری - تورکمان لە سلێمانی؛ 5 هەزار و 664 سونگ

4- دانا ئامانج - کریستیان لە سلێمانی 6 هەزار و 203 دەنگ

5- د.جیمس حسدۆ - کریستیان لە دهۆک؛ 5 هەزار و 535 دەنگ



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP