هەرێم نیوز
لەم هەفتەیەدا ئەنجامی فەرمی و كۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێت، پاشان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای وەرگرتنی تانە لە ئەنجامەكە دەكرێتەوە، ئینجا پەسەند دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بێتە هەولێر، دوای گەیشتنیان، سبەی بۆ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان كۆبوونەوەیەك دەكەن، دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكانیش، ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجامی فەرمی و كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕادەگەیەندرێت.
ئەحمەد مازن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی هەڵبژاردنی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە، بە ڕۆژنامەی الصباح-ی عێراقی ڕاگەیاند، نوسینگەی كۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، 46 سکاڵای لە بریکاری لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەولێر وەرگرتوە، کە 11 سکاڵا بۆ دەنگدانی تایبەت، 30 سکاڵا بۆ دەنگدانی گشتی و پێنج لەسکاڵاکانیش لە ناوەندەکانی وردبینی تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، تەواوی سكاڵاكان نێردراوە بۆ فەرمانگەی نیشتمانی كۆمسیۆن لە بەغدای پایتەخت.
ئەوەشیخستەڕو، كاندید و لایەنە سیاسیەكان تەنها سێ ڕۆژ كاتیان لەبەردەم دەبێت بۆ ئەوەی تانە لە ئەنجامەكان بدەن لەدوای ڕاگەیاندنیانەوە، هەروەها دەبێت تانە پێشكەشی فەرمانگەی نیشتیمانی یان نوسینگەكان كۆمسیۆن لە شارەكان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن تانەكان ڕاستەوخۆ بۆ دەستەی دادوەری بنێرن.
ئەحمەد مازن، وتیشی دەستەی کۆمیساران لەڕۆژی وەرگرتنی تانەكانەوە، ماوەی حەوت ڕۆژیان لەبەردەستە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری و پرسیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکان، سەبارەت بە تانەكان.
لەبارەی ژمارەی سكاڵاكان ئەوە بەرپرسیەی كۆمسیۆن دەڵێت، "کۆی گشتی ئەو سکاڵایانەی لە سەرانسەری پارێزگاکانی هەرێم بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ناوەندەکانی وردبینی پێشکەش کراون، 198 سکاڵا بوە كە 71 سکاڵا بۆ دەنگدانی تایبەت، 120 سکاڵا بۆ دەنگدانی گشتی و حەوت سکاڵاش لەسەر ناوەندەكانی وردبینی تۆماركراون.