هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری دەست بەسەر کۆمپانیایەکی ساختەکردنی پاتری ئۆتۆمبێلدا دەگرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دواى بەدەستگەیشتنى زانیارى و بەڵگە و چاودێریکردنی تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/ هەولێر، لەسەر کۆمپانیای (Real king) بۆ فرۆشتنی پاتری ئۆتۆمبێل، دەرکەوت کە کۆمپانیای ناوبراو پاتری ئۆتۆمبێل لە وڵاتی ئێران و تورکیا هاوردە دەکات، دواتر پاترییەکان لەناو کۆگایەک لە نزیک شاری هەولێر بە ستیکەری کۆمپانیاکانی تر دەستکاری و ساختە دەکات و ژمارەی ئەمپێرەکانی سەر پاترییەکان زیاد دەکات و پاترییەکان لە (٢٥-٣٠) ئەمپێری کراوەتە (٦٠) ئەمپێری و زیاتر لە بیست هەزار دانەی ئەم پاتریانە لەناو بازارەکانی هەرێمی کوردستان ساخکردووتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە ئەنجامى پێشکەشکردنى زانیاری و بەڵگەکان بۆ دادوەرى لێکۆلینەوەى ئاسایش فەرمانى دەستگیرکردن و گرتنەبەرى رێکارە یاساییەکان دەرچوو وخاوەن کۆمپانیاکە بەناوی ( ک . و . ج) و کرێکارێکی بیانی بەناوی (ڤ . چ . چ) کە دەستیان لەم ساختەکاریەدا هەبوو دەستگیر کراون و پەڕاوى لێکۆڵینەوەیان بۆکراوەتەوە.
هەروەها لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، دەست بەسەر یانزدە هەزار دانە پاتری دا گیراوە.