دواین هەواڵ

جیهان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمەریكا هۆشدارییەك دەداتە هاووڵاتییانی

هەرێم نیوز

ئەمەریكا داوای لە هاووڵاتییانی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان كردووە خۆیان بەدووربگرن لە هەر شوێنێكی قەرەباڵغ و خۆپیشاندان و گردبوونەوەی گەورەی خەڵك، چونكە رەنگە لەم شوێنانە توندوتیژی بكەوێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هۆشدارییەكی لە سەرجەم تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوكردۆتەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتییان كردووە خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنی هەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خەڵك بە تایبەتیش لە نزیك دامەزراوە ئەمەریكی و ئیسڕائیلییەكان.

داواش لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمەریكی كردووە خۆیان لە ئەپلیكەیشنی تۆماری زیرەكی گەشتیاران (STEP) تۆمار بكەن بۆ ئەوەی لە هەر پێشهاتێكی لەناكاودا زانیاری و ئاگادارییان پێ بگات، جگە لەوەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە رێگەی ئەم ئەپلیكەیشنەوە دەتوانێت بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو دەستی بە هاووڵاتییانی بگات لە هەر وڵاتێكی جیهاندا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پێشتریش چەند جارێكی دیكە داوای لەو هاووڵاتییانەی كردبوو كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەهۆی ئەگەری فراوانبوونی جەنگی ئیسڕائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵا بگەڕێنەوە ئەمەریكا و یاخود بەلایەنی كەم ئاگاداری خۆیان بن و نەچنە شوێنی قەرەباڵغ و مەترسیدارەكان.

ئەمە لە كاتێكدایە كە تا دێت ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر دەبن بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئیسڕائیل لە فەڵەستین و لوبنان و ئەگەری هێرشكردنە سەر ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP