دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

خانمە کاندیدێکی دەرنەچووی یەکێتی هەموو شتێکی ئاشکراکرد

هەرێم نیوز
لاجان محەمەد عوسمان ڕایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوە نەبن خەڵکی نەخوێندەوار یاساتان بۆ دابنێن. ئەو پەرلەمانە پیرۆزی جنێوفرۆش و منداڵە جاش و بەعسییەکان و جاهیل و بێ ماریفەتەکان بێت.

 لاجان محەمەد عوسمان، کاندیدی یەكێتی لە هەولێر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) لە پەیامێکدا سوپاسی ئەو كەسانەی كردووە كە دەنگیان پێداوە و داوای لێبووردنیشی لێ كردوون بەهۆی ئەوەی ”نەمتوانی دەنگەکانتان بپارێزم.“

نیگەرانیی خۆیشی لەوە دەربڕیوە بەهۆی ئەوەی ”متمانەمان بە کەسانى ناشیاستە کرد.“ هەروەك باسی لەوەش كردووە كە ئەو كچی یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی و بەبێ پاڵپشتیی حزبەكەی، لە ڕووى ئەکادیمییەوە خۆی پێگەیاندووە، بەڵام“ سەرکردایەتیی حزبەكە لە هەولێر، لەسەر حیساب و دژایەتیکردنى ئێمە، پاڵپشتیی ئەو بێ ئەسڵ و فەسڵانە دەکەن كە منداڵ و نەوە و پەروەردەى دەستى ئەو کەسانەن کەوا لە زیندانەکانی بەعسدا، باوکمیان لە کارەبا دەدا و گوێچکەکانییان دەبڕی و نینۆکیان دەردەهێنا.“

ئەو خانمە کاندیدە دەرنەچووەی یەكێتی ئاشکرایکردووە کە لە لایەن ”منداڵى هاوخەباتانى باوکم، بە دەنگی ئێمەمانان و بە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی بەرپرسانی هەمان ئەو حزبەی کەوا باوکم تەواوى تەمەنى خۆى پێبەخشیوە، ئەو کەسانە دەرچوێندراون کە جنێودەر و منداڵى کۆنە بەعسین.“
لاجان محەمەد عوسمان بێهیوایی خۆی لەوە دەربڕیوە كە ئەو كەسانەی یەكێتی ناردوونی بۆ پەرلەمان، بتوانن یاسای گونجاو دابنێن و دەڵێت: ”چاوەڕوانی ئەوە نەبن خەڵکی نەخوێندەوار یاساتان بۆ دابنێن. ئەو پەرلەمانە پیرۆزی جنێوفرۆش و منداڵە جاش و بەعسییەکان و جاهیل و بێ ماریفەتەکان بێت.“ ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو كاندیدانەی یەكێتی كە بە پشتیوانیی سەركردایەتیی حزبەكەیان دەرچوون و كەسانێكی لەو جۆرەن كە خانمە بەربژێرە دەرنەچووەكەی یەكێتی باسیان دەكات.

لە كۆتاییشدا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاندووە و نووسیویەتی: ”من لێرەوە وەکوو کەسێکی ئەکادیمی، کاری ئەکادیمی و پەروەردەیی خۆم دەکەم و ژیانی ئاسایی خۆم دوور لە ناپاکەکان دەست پێدەكەم کە یاری بە هەست و شعوور و دەنگەکانمانەوە دەکەن.“



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP