د. سەمەد ئەحمەد
یاریكردن چالاكییەكە، پێویستی زۆری بە جووڵەی جەستەیی هەیە، بە تایبەتی هەندێك یاریی كە لە سروشت و پێكهاتەیدا بریتییە لە جووڵەی جەستەیی، وەكو (راكردن، بازدان، خۆهەڵواسین، مەلەوانی و...هتد). بۆیە وەكو دەرئەنجام، ئەو جووڵانە دەبن بە مایەی ئەوەی جەستەی منداڵ بەهێز بكەن، بەهێزیی جەستەش ئاماژەیە بۆ باش گەشەكردنی ئەو منداڵە لەڕووی جەستەییەوە.
جگە لەم لایەنە، لەلایەكی تریشەوە ئەو یارییانەی كە جووڵەیان پێویستە، منداڵ رادەهێنێت لەسەر ئەوەی كە لەڕووی خێراییەوە پێش بكەوێت، چونكە جووڵە و راكردنە بەردەوامەكانی منداڵ دەبن بە مایەی ئەوەی كە خێرایی زیاد بكات.
هەروەها شانبەشانی ئەمانە، ئەو یارییانەی كە جووڵەیان زۆرە، دەبن بە مایەی ئەوەی كە منداڵ (كارامەییەكان – المهارة)ی لە یارییەكاندا زیاتر بێت، چونكە كارامەیی و لێهاتوویی و شارەزایی، بەرئەنجامی جووڵە و راهێنانی بەردەوامە لەسەر ئەو چالاكییە.
لەمانەش زیاتر، جووڵەی یارییەكان، منداڵ فێری ئەوە دەكات كە بە وردی و بە نەرمی و بە جوانی (الدقة و المرونة و الرشاقة) بەش بەشی یارییەكە بکات، كاتێكیش منداڵ توانی لە یاریكردندا هێز و خێرایی و لێهاتوویی و وردی و نەرمی جوانی پێویست بەكار بهێنێت، واتا جەستەی بە باشی ئامادەیە بۆ کردنی هەر یارییەك، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو جەستەیە بە باشی گەشەی كردووە، چونكە ئەگەر منداڵ جەستەی بە باشی گەشەی نەكردبێت، هەرگیز ناتوانێت بە باشی یاریی بكات و سەركەوتوو بێت.
كاریگەریی یاریكردن لەسەر گەشەی عەقڵی
زیاتر لە هۆكارێك هەیە كە دەبنە مایەی ئەوەی عەقڵ بە باشی گەشە بكات و پێش بكەوێت. زانایانی بواری سایكۆلۆژیی منداڵ ئەوەیان خستووەتە روو كە باشترین و ئاسانترین و كاریگەرترین رێگە بۆ گەشەی عەقڵی منداڵ یاریكردنە، چونكە جەستە لە گەشەكردندا پێویستی زۆری بە خۆراك هەیە، هەر ئاوهاش یاریكردن خۆراكێكی باشە بۆ گەشەی عەقڵی منداڵ، چونكە منداڵ لە رێگەی یاریكردنەوە جگە لەوەی زانیارییەكانی لە بارەی شتەكانەوە بۆ زیاد دەبێت، هەروەها باشتریش دەتوانێت بە شێوەیەكی راست و دروست شتەكان لە كات و لە شوێنی خۆیاندا بەكاربهێنێت. هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە منداڵ لە یاریكردندا، بە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، یان دركی پێبكات، تەواوی پڕۆسە عەقڵییەكانی وەك (بیركردنەوە، یادەوەری، خەیاڵكردن، سەرنجدان، درككردن، گریمانە، پێشبینیكردن، شیكردنەوە، كۆنترۆڵكردن، بڕیاردان و زۆر پرۆسەی عەقڵی تر) بەكاردەهێنێت.
هەروەها هەر لە رێگەی یارییەوە، منداڵ لە (هۆكار و دەرئەنجام) و لە (كردار و پەرچەكردار)ی شتەكان باشتر تێدەگات، بۆ نموونە؛ منداڵ كاتێك بە بوكەڵەیەك، یان فڕۆكەیەك، یان ئۆتۆمبیلێك كە بە پیل كار دەكەن، یاریی دەكات، فێری ئەوە دەبێت كە فڕۆكەكە بە كامە دوگمە دەكەوێتە كار و بەكامە دوگمە بەرزدەبێتەوە. یان بوكەڵەكەی بە چ شتێك دێتە پێكەنین و بە چی دەست بە گریان دەكات و بە كامە ژیر دەبێتەوە، یان ئۆتۆمبیلەكەی بە كامە دوگمە دەرگاكانی دەكرێتەوە، بە چی شتێك بۆنیتەكەی هەڵدەدرێتەوە و...هتد.
بە كورتی یاریكردن (هەموو یارییەك) لە ناوەڕۆكدا پاڵنەرێكی كاریگەرە بۆ ئەوەی منداڵ زیاتر كەرەستەكانی بەردەستی بپشكنێت، لەم رێگەیەشەوە عەقڵ و تێفكرین و تێڕوانین و تێڕامان و بیركردنەوەی، سەرەتا بۆ پێدراوەكانی بەردەستی، دواجاریش بۆ شتەكانی تری دەوروبەری زیاتر و باشتر دەبێت. كاتێكیش لەكاتی یاریكردندا منداڵ شتێكی لێ تێكدەچێت، یان نازانێت یارییەكە بە باشی و بە تەواوی بەكار بهێنێت، پرسیار لە گەورەكان دەكات، واتا هەر یاریكردنە دەبێتە مایەی ئەوەی كە منداڵ پرسیار لە بارەی شتەكانەوە بكات، هەموو ئەمانە دەبنە مایەی ئەوەی كە منداڵ زیاتر و باشتر عەقڵ و هۆشی گەشە بكات.
كاریگەریی یاریكردن لەسەر گەشەی دەروونی
زانای بە ناوبانگ (فرۆید)، لەو بڕوایەدایە كە یاریكردن ئاوێنەیەكە و دەتوانرێت باری دەروونی و هەڵچوونی و حەز و رق و خۆشەویستی و...هتد، منداڵی تێدا بەدی بكرێت، چونكە منداڵ لە رێگەی یاریكردنەوە دەیەوێت بە هەموو ئارەزووە بەدینەهاتووەكانی بگات.
منداڵ لە یاریكردندا خۆی و كەرەستەكانی بەردەستی لە دنیای واقیع دەچنە دەرەوە و دنیایەكی تری تایبەت بەخۆی دروست دەكات. هەموو ئەمانەش بۆیە دەكات، چونكە ژیانی واقیع بۆ ئەو بەرتەسكە و هەرگیز ئەو شوێنە، یان ئەو جێگەیە نییە كە ئەو خولیا و حەزەكانی تێدا بهێنێتە دی.
منداڵ لە یاریكردندا زۆر جار خۆی دەكات بە دایك، یان باوك، یان مامۆستا، یان پزیشك و زۆر شتیتریش، ئەم نواندن و رۆڵ بینین و ئاڵوگۆڕكردنە لە كەسێتی و لە پیشەدا، لەڕووی دەروونییەوە، لەلایەك زۆر ئاسودەی دەكات، لەلایەكیتریشەوە دەیەوێت ئەو واقیعەی كە هەیە، ئەگەر بۆ چەند ساتێكی كەم و خەیاڵیش بێت بیگۆڕێت. بەمانایەكی تر، منداڵ لە رێگەی ئەو رۆڵ بینینانەوە دەیەوێت خۆی ئازاد بكات لەو ژینگە و واقیعەی كە سەپێنراوە بەسەریدا.
یاریكردن (هەموو یارییەك)، رۆڵ و كاریگەریی هەیە لەسەر گەشەی هەڵچوونی منداڵ، ئاشكراشە كە باش گەشەكردنی هەڵچوونەكان، بەڵگەیە لەسەر زیندوویی و كارایی هەستەوەرەكان، منداڵیش لە كاتی یاریكردندا، گوزارشت لە هەڵچوونەكانی دەكات.
بۆ نموونە كاتێك منداڵ خۆی دەكات بە دایك و بەوپەڕی خۆشەویستی و میهرەبانییەوە بووكەڵەكەی دەلاوێنێت و هەرچی سۆز و نیانی هەیە پێی دەبەخشێت، یان جارجارە رق و توڕەیی خۆی دەڕژێنێت بەسەر بووكەڵەیەكی تردا و تا هێزی تێدا بێت لێی دەدات، قژی رادەكێشێت، تفی لێدەكات، جنێوی پێدەدات و...هتد، ئێمە لە رێگەی ئەو رەفتارانەوە، كە بریتییە لە نواندن و رۆڵ بینین و هەڵچوونەكانی، لەوە تێدەگەین كە باری دەروونیی منداڵەكە ئارامە یان نائارام؟ حەزی لە چییە و رقی لە چییە؟ بە كێ و بەچی ئاسوودەیە و بە كێ و بەچی نیگەرانە؟
كاریگەریی یاریكردن لەسەر گەشەی كۆمەڵایەتی
یاریكردن چەندە چالاكییەكی جەستەیی و عەقڵییە، ئەوەندەش چالاكییەكی كۆمەڵایەتییە، بۆیە راستەوخۆ رۆڵ و كاریگەریی هەیە لەسەر گەشەی كۆمەڵایەتیی منداڵ، چونكە منداڵ لە رێگەی یاریكردنەوە (بەتایبەتی یارییە بەكۆمەڵەكان) لە تەنیایی و گۆشەگیریی رزگاری دەبێت و دەیكاتە كەسێكی كۆمەڵایەتی. فێری ئەوە دەبێت كە لە كۆمەڵگەدا چی پەسەند و رێپێدراوە و چی ناپەسەند و قەدەغەیە، چونكە یارییەكانی منداڵ زۆر جار واقیعێكی كۆمەڵایەتییان هەیە و هەڵێنجراوی ژینگەی كۆمەڵایەتی بە گشتی و خێزانی و قۆتابخانەن بەتایبەتی.
منداڵ هەر لە رێگەی یارییەوە پەیوەندیی هاوڕێیەتی و هۆگری لەگەڵ هاوتەمەنەكانیدا بۆ دروست دەبێت، ئەمەش كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر دروستبوونی كەسێتییەكی بەهێز.
هەروەها هەر لە رێگەی یارییەوە، منداڵ فێری ململانێ و كێبەركێ لەگەڵ ئەویتردا دەبێت و لەگەڵ هاورێ و هاوتەمەنەكانی خۆیدا دەكەوێتە پێشبڕكێوە و هەوڵی سەركەوتن و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر دەدات.
جگە لەمانە، هەر یاریكردنە دەبێتە مایەی ئەوەی كە منداڵ ببێتە خاوەنی ئیرادە و كەسێتییەكی بەهێز و ئازاد و سەربەخۆی هەبێت، چونكە یاریی ئەوە لە منداڵ دەخوازێت كە تێبكۆشێت بۆ ئەو شتەی كە دەیەوێت پێی بگات، گەیشتنیش بە هەر ئامانجێك، بڕێك لە هەوڵ و ماندووبوونی پێویستە، هەوڵ و ماندووبوونیش بڕێك لە ئیرادەی پێویستە كە منداڵ لە یاریكردنەوە دەتوانێت بە دەستی بهێنێت.
هەر یارییە منداڵ فێری گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، قبوڵكردنی را و هەڵوێستی جیاواز، کردنی كاری چاكە و خێرخوازی و زۆر رەفتاری باشەی تر دەكات. هەر لەم رێگایانەشەوەیە كە منداڵ دەتوانێت گونجانی كۆمەڵایەتی بەدەست بهێنێت. مەبەستیش لە گونجانی كۆمەڵایەتی ئەوەیە كە منداڵ لەلایەك هاوڕێ و هاوتەمەنەكانی خۆی خۆشبوێت، لەلایەكی تریشەوە هاوڕێكانی ئەمیان خۆشبوێت.
كاریگەریی یاریكردن لەسەر گەشەی ئاكاریی
ئاكار كە یەكێكە لە بەها باڵاكان، لە هەموو سەردەم و بۆ هەموو كۆمەڵگەیەك پێویستییەكی هەمیشەیی گرنگن و بە هیچ شێوەیەك نابێت فەرامۆش بكرێت.
سەرچاوەكانی ئاكار بریتین لە (خۆشەویستیی، راستگۆیی، وەفاداریی، میهرەبانیی، لێبوردەیی، دەسپاكی و...هتد).
هەندێك لە یاریی هەیە ناوەڕۆكەكەی پڕاوپڕە لە ئاكاری جوان و باش، منداڵ رادەهێنێت لەسەر ئەو ئاكارە جوانانە.
جگە لەم لایەنە، هەروەها، لەبەرئەوەی یاریی (هەموو یارییەك) لەسەر بنەمای چەند یاسایەك داڕێژراوە، بۆیە منداڵ فێری ئەوە دەبێت كە پابەند بێت بە یاساوە، پابەندبوونیش بە یاساوە، یەكێكی ترە لە بنەما ئاكارییەكان.
بۆ نموونە كاتێك منداڵ خۆی دەكات بە شۆفێر و بە ئۆتۆمبیلەكەی یاریی دەكات، ئەمە ناچاری دەكات كە پابەند بێت بە یاساكانی ترافیكەوە، (گڵۆپی سەوز نیشانەی رۆیشتنە، زەرد خۆئامادەكردنە بۆ راوەستان، سووریش نیشانەی راوەستانە)، یان لە یارییەكی تردا، كاتێك یەكێك لە منداڵەكان دەبێت بە فرۆشیار و ئەویتر بە كڕیار، راستگۆیی و دەستپاكی لە یارییەكەدا رەنگ دەداتەوە.
هەر یارییە كە دەتوانێت هەستی بەرپرسیارێتی لەلای منداڵ دروست بكات. هەروەها یاریی لە توانایدا هەیە كە تەرازووی ئەرك و ماف هاوسەنگ رابگرێت و منداڵ فێری دادپەروەری و هەقبێژی بكات.
زانایانی بواری سایكۆلۆژیا ئەوەیان خستووەتە روو كە گەشەی ئاكاریی، پشت بە گەشەی عەقڵی و كۆمەڵایەتی دەبەستێت. واتا ئەگەر منداڵ لە روی عەقڵی و كۆمەڵایەتییەوە باش گەشەی نەكردبێت، لە مانا و چەمكەكانی ئاكار تێناگات و باشە و خراپە لەیەك جیا ناكاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا گەشەی ئاكاریش راستەوخۆ كاریگەریی هەیە لەسەر باشتر گەشەكردنی عەقڵی و كۆمەڵایەتی، بۆیە كاتێك منداڵ لە رێگەی یارییەوە گەشە بە لایەنی ئاكاریی دەدات، واتا ژیانی كۆمەڵایەتی و ئاستی عەقڵی بەرزتر دەبێتەوە و هەنگاوێك زیاتر دەچێتە پێشەوە، بەم شێوەیە دەبینین گەشەی كۆمەڵایەتی و عەقڵی و ئاكاری، لە یەك كاتدا كاریگەر و كارلێكراون لەسەر یەكتری، لە رێگەی یاریشەوە دەتوانرێت ئەم سێ لایەنە گەشە پێبدرێت.
* پسپۆر لە بواری پەوەردە و دەروونزانیی